جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە شاری میلواکی لە ویلایەتی ویسکانسن گوتارێکی بۆ کۆمەڵێک هاووڵاتیانی ئەمەریکا پێشکەش کرد، لە بۆنەیەکدا سەبارەت بە نەهێشتنی غەش لە کەرتی تەندرووستیدا .

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەربارەی ئێران گوتی، ''وردەکاریی پلانەکانی سەرۆک بۆ ئەمشەو ئاشکرا ناکەم، بەڵام ئەم بابەتە هەر وەک سەرۆک گوتوویەتی سادەیە؛ گەرووی هورمز دەبێت کراوە بێت، نەوت و گاز دەبێت بگاتە دەست خەڵکی ئەمەریکا. هەر ئەوەش هۆکاری دابەزینی نرخی سوتەمەنییە. چونکە سەرۆک گوتوویەتی دەماری هاتوچۆی نەوت و غاز دەبێت کراوە بێت.''

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ''ئێرانییەکان دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانن: ئەگەر گەرووەکە دابخەن، سوپای ئەمەریکا وەڵامی دەبێت. ئەوە ڕێککەوتنەکەی نێوانمانە. ئەگەر پێوەی پابەند نەبن، هەمان شتی کە شەوی ڕابردوو ڕوویدا هەموو شەوێک دووبارە دەبێتەوە.''

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئێرانییەکان "بۆ ماوەی هەفتەیەک بە ئارامی هەڵسوکەوتیان کرد،" بەڵام دووبارە دەستیان بە تەقەکردن لە کەشتییەکان کردووەتەوە. "ئەنجامی کارەکەشیان ڕوونە بۆ هەمووان کە سوپای ئەمەریکا وەڵامی دەبێت."