وەزارەتی بەرگری کوەیت ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، هێزەکانیان 15 مووشەک و درۆنی ئێرانیان لەکاتی چوونە ناو ئاسمانی وڵاتە عەرەبییەکە خستووەتە خوارەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، هێزی بەرگری کوەیت دوو مووشەکی بالیستی و 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە. هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
حکومەتی کوەیت ئاماری گشتی هێرشەکانی ئێرانی لە کۆتایی مانگی دووەوە هەتا ئەمڕۆ ئاشکرا کردووە. بە پێی ئامارەکان، ئێران 15 مووشەکی کروز و 383 مووشەکی بالستی و 906 درۆنی ئاراستەی کوەیت کردووە.
لەلایەکی دیکەوە هێزی بەرگری بەحرەین ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەوە خەڵکی سڤیلی وڵاتەکە دەکاتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری بەحرەین ڕایگەیاند سیستەمی بەرگری وڵاتەکە "ژمارەیەک لە هێرشە خیانەتکارەکانی ئێرانیان لەناو بردووە." بەڵام ئاماژەی نەدا بە ژمارە و جۆری هێرشە ئاسمانییەکان.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان رۆژی سێشەممە، لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز، هێزەکانی ئەمەریکا بۆردومانی چەند ئامانجێکی سوپای ئێرانیان کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی ناتۆ، سەبارەت بە ئاگربەست لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، "وابزانم کۆتایی هاتووە، نامەوێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکەم."

