بەغداد - INA

حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ چوارشەممە، گەیشتنی داهاتی چوار دەروازە سنوورییەکەی لە ماوەی مانگی حوزەیراندا بۆ 109 ملیار دینار ڕاگەیاند.

وتەبێژی فەرمی حکومەتی ئەنبار، موئەیەد دلێمی، لە بەیاننامەیەکدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕایگەیاند: "داهاتی چوار دەروازە سنوورییەکەی پارێزگای ئەنبار بۆ مانگی حوزەیران گەیشتووەتە 109 ملیار دینار، ئەمەش دوای ئەوەی دەروازەکان گۆڕینەوەی بازرگانیی کەلوپەل و کاڵای بێپێشینەیان بەخۆوە بینی، بەتایبەتی لە جووڵەی گواستنەوەی وشکانی نێودەوڵەتیدا (ترانزێت) بەرەو وڵاتانی کەنداو".

هەر بەپێی بەیاننامەکە، پارێزگاری ئەنبار عومەر مەشعان دەبوس، ڕێنماییدا بە "پێویستی پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاسانکاریی لە جووڵەی بارهەڵگرەکان و پرۆسەکانی گۆڕینەوەی بازرگانی، سەرەڕای نەبوونی تەرخانکراوی دارایی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە".

شایەنی باسه، داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران گەیشتووەتە 200 ملیار دینار.