بەغداد - INA - ئەمنە سەلامی
وەزارەتی ناوخۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیکردەوە کە ناوزڕاندن و تەنگپێهەڵچنین و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، ئەو تاوانانەن کە یاسا سزایان لەسەر دەدات.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، عەقید محەمەد عەلی حەسون بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لەو مافە دەستووریانەی کە دەستووری کۆماری عێراق کەفالەتی کردووە، و کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و بەهێزکردنی بەشداری کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەم ئازادییە گرێدراوە بە بەرپرسیارێتی یاسایی، و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا، پاراستنی نەزمی گشتی، و پاراستنی ماف و کەرامەتی کەسانی تردا پەیڕەو دەکرێت".
ڕوونیشیکردەوە: "فەزای ئەلیکترۆنی، بەو خێراییەی کە لە گواستنەوەی زانیاری و بەرفراوانی لە بازنەی کاریگەرییدا هەیەتی، پارێزبەندی ناداتە هیچ کەسێک لە لێپرسینەوەی یاسایی. هەر شتێک کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە یان دەستاودەست دەکرێت، هەر کاتێک ئەو بڵاوکراوانە تاوانی سزادراو بەپێی یاسایان تێدابێت، وەک: ناوزڕاندن، جنێو و تانەدان، ئیبتزازی ئەلیکترۆنی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، هاندانی توندوتیژی یان ڕق وکینە، یان هەر ناوەڕۆکێک کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیری بگەیەنێت یان دەستدرێژی بکاتە سەر مافی تاک و دامەزراوەکان یاسا سزیان دەدات.



