لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی ناتۆ لە ئەنقەرە، کە سەرۆک ترامپ بەشداری تێدا دەکات، شاندێکی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات گەیشتنە ئەنقەرە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، کۆبوونەوە.
چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە لە ماوەی سەردانەکەدا لەگەڵ ڕێبەران و بەرپرسانی ناتۆش دیدار ئەنجام بدەن.
ئامانجی سەرەکی ئەم شاندە دووپاتکردنەوەی پشتگیریی کۆنگرێسی ئەمەریکایە بۆ ناتۆ و هەڵسەنگاندنی ئەو هەنگاوانەن کە وڵاتانی ناتۆ لە بواری زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری و پەرەپێدانی توانای سەربازی گرتوویانەتەبەر.
یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە، سیناتۆر کریس کونس، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕایگەیاند کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی ناتۆ 250 ملیار دۆلار خەرجیی بەرگرییان زیاد کردووە. ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترامپ شایستەی هەندێک پێزانینە لەبەر ئەوەی هاوپەیمانانی ناتۆی هانداوە بۆ زیادکردنی بودجەی بەرگری.
کۆبونەوەکانی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بۆ تورکیا گرنگە، چونکە هەلی بۆ دەرەخسێنێت لەگەڵ ئیدارەی سەرۆک ترامپ گفتوگۆ بکات سەبارەت بە لابردنی هەندێ سزای ئەمەریکا کە بەهۆی کڕینی سیستەمی مووشەکی S-400ی ڕووسیاوە بەسەریدا سەپێنراون و ڕێگرن لە گەڕانەوەی تورکیا بۆ بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی F-35.
سەرۆک ترامپ لە کاتی دیدار لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی دا بەوەی ئامادەیە هەندێک لە سزا سەپێنراوەکانی سەر تورکیا هەڵبگرێت و لەسەر پرسی فرۆکەی F-35ـیش وتی، "کاتێک دێتە سەر پرسی فڕۆکە و چاککردنەوەی بزوێنەری فڕۆکەکان، لەسەرمانە یارمەتییان بدەین...لە کاتێکدا تورکیا زۆر باشتر بووە بۆمان."
لە هەمان کاتدا، سیناتۆر لیندزی گراهام کە لە ئەنقەرەیە بە رۆژنامەی تورکیا تودەی وت کە دژ بە فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا نییە، بەڵام دەزانێت کە هەندێک بەرەنگاری دژ بەم هەنگاوە لە کۆنگرێس دەبێت. ئەو تورکیای بە "هاوپەیمانێکی مەزن" ناو برد و وتی دەکرێت ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە.
هەڵوێستی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆنگرێس جیاوازە. لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ئەندام لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری هۆشدارییان داوە کە نابێت تورکیا بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو بەرنامەی F-35 هەتا بە تەواوی دەستبەرداری سیستەمی ڕادار و مووشەکی S-400ـی ڕووسی نەبێت.
تورکیا لە بنەڕەتدا هاوبەشی بەرنامەی F-35 بوو، بەڵام لە ساڵی 2019 ئیدارەی یەکەمی ترامپ لە بەرنامەکە دەریکرد دوای ئەوەی تورکیا سیستەمی بەرگری ڕادار و مووشەکی لە ڕووسیا کڕی. زۆرێک ئەندامانی کۆنگرێس ترسیان لەوە هەیە کە روسیا لە ڕێی سیستەمی راداری ئێس چوار سەدەوە زانیاری هەستیار لەسەر ئەو فرۆکە پێشکەوتووەی ئەمەریکا دەستبکەوێت
هەندێک لەو سزایانە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لە ڕێگەی سزاکانەوە، کە بە CAATSA ناسراوە. سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە ئەو سزایانە هەڵدەگرێت.
سەبارەت بە گەڕانەوەی تورکیا بۆ ناو بەرنامەی فڕۆکەی F-35، کۆنگرێس لە یاسای بودجەی بەرگری ساڵی 2020دا بەشداری تورکیای قەدەغەکرد.
سەرۆکی ئەمەریکا دەتوانێت پێداچوونەوە بە سزاکان بکات و گفتوگۆی نوێ لەگەڵ تورکیا دەست پێ بکات، بەڵام کۆنگرێس هێشتا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و هەر هەوڵێک بۆ فرۆشتنی F-35 بە تورکیا پێویستی بە پێداچوونەوە وە رەزامەندی کۆنگرێس دەبێت.


