نێودەوڵەتی – INA
وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە بەهۆی دوو تەقینەوەکەی شاری دیمەشقەوە 18 کەس بریندار بوون، کە چواریان کارمەندی پۆلیسن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاندووە: "دوو تەقینەوە لە نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشقی پایتەخت ڕوویاندا، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی 18 کەس کە چواریان کارمەندی پۆلیسن".
ڕوونی کردەوە، "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیاندا دوو بۆمبی چێنراویان بەدی کردووە، و یەکە تایبەتمەندەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەیان، بەڵام لە کاتی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی پووچەڵکردنەوەکە تەقیونەتەوە".
ههروهها ئهوهیش هاتووه كه، "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان هێڵێکی ئەمنییان لە دەوروبەری شوێنەکەدا سەپاندووە، لە کاتێکدا یەکە تایبەتمەندەکان دەستیان بە پرۆسەی پشکنین و دابینکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا کردووە"، ئاماژەی بەوەش داوە کە "پشکنینی سەرەتایی دەریخستووە کە بۆمبەکان بە شێوازێکی سەرەتایی (سادە) دروستکراون، یەکەمیان لە ناو ئۆتۆمبێلێکی ڕاگیراو لە لای جادەکەدا دانراوە، و دووەمیشیان لە ناو حاویەیەکی خۆڵ و خاشاکدا بووە".
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە "لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردهكارییهكانی هێرشەکە و دیاریکردنی ناسنامەی تێوەگلاوان بەردەوامن"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "شوێنی تەقینەوەکە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو سنوورە ئەمنییەی کە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی فەڕەنسا تەرخانکراوە، و هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونەکە یان بەرنامەی سەردانە فەرمییەکە دروست نەکردووە، کە بەپێی پلانی دیاریکراو بەردەوامە".

