بەدواداچوون – INA
توێژینەوە نوێیەکان ئاشکرایان کردووە کە زیادبوونی کێش هەمیشە بەهۆی زێدەڕۆیی لە نانخواردن یان کەمیی چالاکیی جەستەیییەوە نییە، چونکە کەمیی هەندێک ڤیتامین و توخمە خۆراکییەکان ڕەنگە بەشدار بێت لە کاریگەریکردنە سەر پڕۆسەی میتابۆلیزم (سوتانی وزە)، ئاستی وزە و ڕێکخستنی ئارەزووی خواردن، ئەمەش ئەگەری زیادبوونی کێش لای هەندێک کەس بەرز دەکاتەوە.
پسپۆڕانی بواری خۆراک جەخت دەکەنەوە کە کەمیی ڤیتامینەکان بە تەنیا نابێتە هۆی قەڵەوی، بەڵام دەکرێت هۆکارێکی یارمەتیدەر بێت لەپاڵ سیستەمی خۆراکیی نادروست، تەمبەڵی، هۆکارە بۆماوەییەکان و هەندێک کێشەی تەندروستی تردا.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە هەندێک کەس لە یەک کاتدا بەدەست زیادبوونی کێش و بەدخۆراکییەوە بناڵێنن، بەتایبەت کاتێک پشت بەو خۆراکانە دەبەستن کە دەوڵەمەندن بە کالۆری و هەژارن لە توخمە خۆراکییە بنەڕەتییەکاندا.
ئاماژەیان بەوەشکرد: "کەمیی ڤیتامین و کانزاکان ڕەنگە ببێتە هۆی ماندوێتی، خاوبوونەوەی میتابۆلیزم، بەرزبوونی ئارەزووی خواردن و کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی، ئەمانەش ئەو هۆکارانەن کە بە تێپەڕبوونی کات بە زیادبوونی کێشەوە دەبەسترێنەوە".
توێژینەوەکان ڕوونی دەکەنەوە کە دابەزینی ئاستی ڤیتامین "D" ڕەنگە کاریگەری بکاتە سەر ئەو هۆرمۆنانەی ئارەزووی خواردن ڕێکدەخەن، وەک لێپتین و گرێلین، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستی برسییەتی و کاریگەری دەکاتە سەر ڕێژەی سووتانی وزە. دەکرێت ئەم ڤیتامینە لە ڕێگەی بەرکەوتنی مامناوەند بە تیشکی خۆر، ماسییە چەورەکان، زەردێنەی هێلکە، شیری دەوڵەمەندکراو و قارچکەوە بەدەست بهێنرێت.
هەروەها ڤیتامین "B12" ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە گۆڕینی خۆراک بۆ وزە، و کەمییەکەی دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی و لاوازیی چالاکیی جەستەیی، ئەمەش ڕەنگە جووڵەی ڕۆژانە کەم بکاتەوە و بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری بکاتە سەر کۆنترۆڵکردنی کێش.
هۆکارە خۆراکییەکان تەنیا لەسەر ڤیتامینەکان نەوەستاون، چونکە کەمیی توخمەکانی تریش کاریگەرییان لەسەر کێش هەیە، کە دیارترینیان پرۆتینە کە هەستی تێربوون بەهێز دەکات و بارستەی ماسولکەکان دەپارێزێت، لەگەڵ ڕیشاڵەکان کە ئارەزووی خواردن کەم دەکەنەوە و تەندروستیی کۆئەندامی هەرس باشتر دەکەن، سەرەڕای ئاسن، مەگنیسیۆم، زینک و ترشە چەورییەکانی ئۆمێگا 3، کە ڕۆڵی گرنگ لە پڕۆسەکانی میتابۆلیزم و تەندروستیی جەستەدا دەگێڕن.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە خواردنی تەواکەرە خۆراکییەکان بە بێ دەستنیشانکردنی کەمیی ڕاستەقینەی ڤیتامینەکان نابێتە هۆی دابەزینی کێش، و ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی تەندروستیی نەخوازراو، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت کە پشکنینی پێویست ئەنجام بدرێت و ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت پێش بەکارهێنانی هەر تەواکەرێک، لەگەڵ پابەندبوون بە سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگەوە.

