بەغداد - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە، خالید شوانی،وەزیری دادی عێراق لەگەڵ ،باتریک دوریل ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی هاریکاریی دادی و یاسایی نێوان بەغداد و پاریس و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری ڕاهێنانی ستافی چاکسازی کرا.

وەزارەتی داد،لە بەیاننامەیەکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : خالید شوانی، وەزیری داد،لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ،باتریک دوریل، باڵیۆزی کۆماری فەرەنسا لە عێراق کرد، کە بە ئامادەبوونی دادوەر ،کلێر تیبۆ، تاوتوێی بەهێزکردنی هاریکاریی دادی و یاسایی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستیان کرد.

وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : لە کۆبوونەوەکەدا ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاریی دادی و یاسایی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی یاسایی تاوتوێکرا، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی توانای دامەزراوەیی و بەرزکردنەوەی کارایی کاری دادی.

هەروەها جەخت کرایەوە سەر تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی هاریکاری لە بواری ڕاهێنانی ستافی چاکسازی، بە تایبەت پاسەوانی چاکسازییەکان و ڕێکخستنی خولی ڕاهێنانی تایبەتمەند بۆ ناساندنی باشترین ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییان بەپێی پێوەرە یاسایی و مرۆییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزی فەرەنسا جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ هاریکاری لەگەڵ وەزارەتی داد لە سەرجەم بوارە دادی و یاساییەکاندا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هاوبەشی نێوان بەغداد و پاریس و بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلی دۆست.