بەغدا-INA

ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) لە دیدارێکدا لەگەڵ دادوەر سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، تیشک دەخاتە سەر دۆسیەی پاشماوەی ڕژێمی پێشوو و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.

دادوەر ،سەعد لامی ، لەم دیدارەدا جەختیکردەوە کە دادگاکە بەپێی دەقێکی دەستووری بەردەوامە لە کارەکانی تا ئەو کاتەی سەرجەم دۆسیەکانی بەردەستی یەکلایی دەکاتەوە، ئاماژەشی بەوەشکرد کە نزیکەی سێ هەزار و 300 فەرمانی گرتن دژی کەسانێک هەن کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و هێشتا جێبەجێ نەکراون.

لامی،ڕوونیشیکردەوە : کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی 2005 وە بەپێی یاسای ژمارە 10 دامەزراوە و درێژکراوەی ئەو دادگایەیە کە ئەنجومەنی حوکم لە ساڵی 2003 دایمەزراندبوو، هەروەک ئاماژەی بەوە کرد کە دادگاکە لە دوای ساڵی 2012 و لەگەڵ بەستنەوەی بە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە،بووەتە دادگایەکی پسپۆڕ و بڕیارەکانی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و سەرجەم دادوەرەکانی عێراقین.

سەبارەت بە تاوانباران و جۆری تاوانەکان،لامی، لەدرێژەی ئەو چاوپێکەوتنەی کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)لەگەڵی ئەنجامی داوە وتی : دادگاکە تەنیا ئەوانە دادگایی ناکات کە پۆستیان هەبووە، بەڵکو سەیری ئەو دۆسیانە دەکات کە سکاڵای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، و تاوانی جەنگ، یان جینۆسایدیان لەسەرە.

سەبارەت بە فەرمانی گرتنەکان، لامی ،ڕایگەیاند : ئاستەنگی زۆر هەن لەوانەبوونی تۆمەتباران لە دەرەوەی عێراق و کێشەی ڕادەستکردنەوەیان لەڕێگەی ئینتەرپوڵەوە.

لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی تاوانباران،لامی،ئاشکرایکرد : کە یاساکە ڕێگەی داوە موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکانیان دەستبەسەردا بگیرێت تاوەکو خۆیان ڕادەست دەکەن، بەڵام ئەمە دوای بەستنەوەی دادگاکە بە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و چیتر بە شێوەیەکی خۆکارانە ناکرێت.

سەرۆکی دادگاکە ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا 160 کەس سزادراون، 26 یان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و 270 کەسیش ئازاد کراون، هاوکات دووپاتیکردەوە کە دادگاکە پسپۆڕی نییە لە دۆسیەکانی ئەندامێتی لە حزبی بەعسی قەدەغەکراو، چونکە ئەوانە دەچنە چوارچێوەی دادگای ناوەندییەوە. سەبارەت بە کەیسی شەهیدکردنی "محەممەد باقر سەدر و محەممەد محەممەد سادق سەدر" تیشکی خستە سەر ڕۆڵی کەسایەتییەکانی وەک تاهیر جەلیل حەبووش و وردەکارییەکانی ئەو کاتەی کە سەعدوون سەبری گێڕایەوە، کە وەک تاوانبارێکی سەرەکی لەو کەیسانەدا ناوی هاتووە.

هەروەها باسی کەیسی عەجاج و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کرد، کە تیایدا قوربانییەکان بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن یەکە سەربازییەکانەوە کوژراون و سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانباری سەرەکی دەرچووە و ئێستا لە بەردەستی سەرۆکایەتی کۆمارە بۆ پەسەندکردن.

لە بەشیکی چاوپێکەوتنەکەدا ،لامی، دووپاتی کردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری یان یاسایی نییە بۆ کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی دەرکراو لەم دادگایە، چونکە ئەم تاوانانە نێودەوڵەتین و بەپێی یاسا لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە، هەروەک ئاماژەی بەوە کرد کە کۆکردنەوەی بەڵگە و سەلماندنی تاوانەکان گەورەترین ئاستەنگە بەهۆی تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر ڕووداوەکاندا، بەڵام دادگاکە پشت بە دۆکیۆمێنتە فەرمییەکان و ئەرشیفی دەزگا ئەمنییەکان دەبەستێت بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکان.