دۆناڵد ترامپ لە لێدوانێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث لە ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی شیکاگۆ و نائارامییەکانی ئەو شارە، نووسیویەتی "لەوەتای شەڕی ئێران دەستیپێکردووە، زیاتر لە 273 ئەمەریکایی تەقەیان لێکراوە، بەڵام لە شیکاگۆ."

ئاماژەی سەرۆک ترامپ بە شەڕی ئەم دواییە لە دژی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە بە پێی دوایین ئاماری فەرمی کە لە لایەن سێنتکۆمەوە بڵاو کراوەتەوە، تەنیا 13 سەربازی ئەمەریکایی لەو شەڕەدا گیانیان لە دەست داوە.

ترامپ ساڵانێکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە حکومەت زیاتر گرنگی بە ئاسایشی شارەکانی ئەمەریکا بدات و شیکاگۆش یەکێکە لەو شارانەی کە چەندین جار ڕەخنەی لێدەگرێت بەهۆی بەڕێوەبردنی خراپی لەڕوویی ئەمنی و ئاسایشییەوە.

سەرۆک ترامپ مانگی شەش لە کاردانەوە بە تەقەکردنەکان لە شیکاگۆ، داوای لە پارێزگاری دیموکراتەکانی ویلایەتی ئیلینۆی کرد پەیوەندی پێوە بکات بۆ وەرگرتنی هاوکاری فیدراڵی و نووسیبووی کە دەتوانێت کێشەکە "بە خێرایی و بۆ هەمیشە" چارەسەر بکات.

بەڕێوبەرایەتی ترامپ پێشتر جێگیرکردنی هێزی فیدراڵی یان پاسەوانی نیشتمانی وەک بەشێک لە سیاسەتی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش لەو شارانەی کە تووشی توندوتیژی بوون، ڕاگەیاندبوو.