سەرۆکی ئەمەریکا شەوی شەممە لە ئاهەنگی "سڵاو بۆ ئەمەریکا" لە واشنتنی پایتەخت وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا جەختی لە بەهێزی پێگەی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهاندا کردەوە و ڕایگەیاند "هەرگیز ڕێگە نادەین وڵاتەکەمان بکەوێت."
سەرۆک دۆناڵد ترامپ ستایشی "بلیمەتی" باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکای کرد لە دامەزراندنی سیستەمی سیاسی ئەمەریکا، لەسەر بنەمای ئازادی و پابەندبوون بە دەستوور.
ڕایگەیاند، "ئێمەی ئەمەریکاییەکان یەک گەلین، لە ژێر سایەی یەک ئاڵا و پارێزبەندی خودای تاک و تەنیا."
ترامپ وتی، "خەونی ئەمەریکا جارێکی تر گەڕاوەتەوە و ئەمڕۆ بەشێویەک سەرکەوتن تۆمار دەکەین کە هەرگیز پێشتر وێنەی نەبووە."
هەزاران هاووڵاتی ئەمەریکا ئامادەیی وتارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بوون، ئەمە سەرەڕای ئامادەیی زۆربەی بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی.
پێشتر بڕیار بوو دۆناڵد ترامپ وتارەکەی کاتژمێر 9:30 خولەکی ئێوارە پێشکەش بکات، بەڵام دواتر بەهۆی مەترسی ڕوودانی زریانێکی بەهێزی با و باران بۆ کاتژمێر 11ـی شەو دوا کەوت.
سەرۆکی ئەمەریکا بە گاڵتەوە باسی دۆخی کەشوهەوای کرد و جەختی کردەوە لە بەردەوامی ئاهەنگەکان. ڕایگەیاند، "وتم بە هیچ شێوەیەک ئاهەنگەکان هەڵناوەشێنینەوە، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات کاتژمێر چواری بەیانی لەبەردەم یەک کەس وتار پێشکەش بکەم."
واشنتنی پایتەخت لە ڕۆژی سەربەخۆییدا کەشوهەوایەکی ئێجگار گەرمی تێپەڕاند، بە شێوەیەک پلەی گەرما گەیشتە نزیکەی 39 پلەی سیلیزی و ئاستی شێ بۆ ڕێژەی 78٪ بەرز بووەوە. هەروەها دوای کاتژمێر 6ـی ئێوارە مەترسی زریانەکان بە شێوەیەک سەریان هەڵدا، کاربەدەستەکانی شارەکە فەرمانیان دا بە هاووڵاتیان بۆ چۆڵکردنی گۆڕەپانی نمایشەکان.
دوای تێپەڕبوونی مەترسی زریانەکان، ئاژانسی فیدڕاڵی خزمەتگوزاری نهێنی، بە فەرمانی سەرۆک ترامپ، کاتژمێر 9:45 خولەک دووبارە دەرگای پاڕکی نیشتیمانی بە ڕووی هاووڵاتیاندا کردەوە.
سەرۆک ترامپ لەگەڵ خانمی یەکەم مەلانیا ترامپ نزیکەی کاتژمێر 10:15 خولەک لە کۆشکی سپییەوە گەیشتە پاڕکی نیشتیمانی بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی.
بەر لە دەستپێکی وتارەکەی سەرۆک ترامپ، دوو گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمەریکا بە پێشکەشکردنی سرودی نیشتیمانی و کلاسیکی ئاهەنگی "سڵاو بۆ ئەمەریکا"ـیان دەست پێکرد.
گۆرانیبێژ لیی گرینوود سرودی "خودا ئەمەریکا بپارێزێت"ـی لەبەردەم هەزاران کەس پێشکەش کرد. دواتر لیی گرینوود داوای لە سەرۆک ترامپ کرد بێتە سەر شانۆی بۆنەکان بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی.



