دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند هەفتەیەک دەرفەتی بە بەرپرسانی تاران داوە بۆ ئامادەکاری بۆ پرسەی عەلی خامنەیی ڕێبەری کوژراوی کۆماری ئیسلامی ئێران.
سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لە یادی 250 ساڵەی ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 3ی مانگی حەوت بە کاتی تاران بەڕێوەچوو، وتی ئێمە زۆر خراپ ئێرانمان تێکشکاندووە.
دوا قۆناغی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە شێوەی دانوستانی تەکنیکی بەڕێوەچوو. ئەم وتووێژانە بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمەریکا بەڕێوەدەچن.
سەرۆکی ئەمریکا دوای دانوستانەکانی ڕۆژی چوارشەممە دڵخۆشی خۆی دەربڕی و وتی کە پرۆسەکە "زۆر بە باشی" بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی ئەمەریکا وتیشی کۆماری ئیسلامی "هەرگیز" چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت و دۆسیەکە "کۆتایی هاتووە."
ترامپ بە ستایشی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا وتی "ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و توانای بەرگری و توانای هەڵدانی مووشەک و بەرهەمهێنانی مووشەکی نییە و سەرکردایەتییەکی کاریگەر نییە چیدیکە."
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ هەزار ساڵدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری ئاشتیدایە.
حکوومەتی ئێران بۆ ماوەی شەش ڕۆژ پرسەی بۆ عەلی خامنەیی لە چەند شارێکدا داناوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی کە هێشتا لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووە، بەشداری دەکات یان نا.



