بەغدا - INA - ویسام مەلا

ئەمڕۆ شەممە عەبدولحسێن موسەوی وەزیری تەندروستی ، زیادكردنی مووچەی دەرچووانی 2024 بە گرێبەست و دامەزراندنی هەمیشەیی خۆیان لە سەرەتای ساڵی 2027 ڕاگەیاند، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە وەزارەت كاردەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دەرچووانی مانەوەی كۆلێژەكانی پزیشكی و تەندروستی.

موسەوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : دەرچووانی ساڵی 2024 لەسەرەتای ئەمساڵ گرێبەستیان لەگەڵدا كراوە، بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانیش پێویستی بە ڕوونكردنەوەیەك هەبوو، بەو پێیەی جۆری گرێبەستەكەی دیاری نەكردووە، ئایا 315 هەزار دینار بووە یان شتی تر.

ئاماژەی بەوەشكرد : لەكاتی وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكانمان، بە هاوكاری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بڕیارەكەمان هەمواركردەوە، تا كۆتایی ئەمساڵ مووچەی گرێبەست لە 400 هەزار دینارەوە بۆ 600 هەزار دینار زیادكرا.

موسەوی ئاماژەی بەوەشكرد : سەرۆك وەزیران ڕێنمایی وەزیری دارایی كرد كە لە بودجەی ساڵی 2027 دا دامەزراندنی هەمیشەیی ئەو قارەمانانە بخاتە نێو بودجەی 2027 كە ڕۆڵێكی دیاریان هەبووە لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەكان لە ماوەی پێشوودا.

ووتیشی : بودجەی ساڵی 2027 مانگی دەیەمی دابین دەكات، هەر بۆیەش لە سەرەتای ساڵی 2027ەوە بەشێك دەبن لە ستافی وەزارەتی تەندروستی، ئەمەش ڕێگری ناكات لە بەدواداچوون و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ باقی دەرچووانی كۆلێژەكانی پەیوەندیدار بە وەزارەتی تەندروستی و لەناو ستافەكەیدا.