بەغدا- INA
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە عێراق هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگە بۆ ئەوروپا لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و گواستنەوەدا، ڕوونیشیکردەوە کە وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر بە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ پورتوگال دەدات.
وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەکەی بۆ کۆماری پورتوگال، لە لیسبۆنی پایتەخت لەگەڵ نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی عەرەبی-پورتوگالی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی پورتوگالی کۆبووەوە."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیر جەختی کردەوە کە عێراق کاردەکات بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە بونیادنانی هاوبەشیی ستراتیژی و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق قۆناغێکی گرنگی سەقامگیری و کرانەوەی ئابووری بەخۆوە دەبینێت و دەرفەتی وەبەرهێنانی زۆر لە کەرتە جیاوازەکاندا دابین دەکات، لەوانە: وزە، غاز، پترۆکیمیاوی، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، وزەی نوێبووەوە، گەشتیاریی ئایینی و پڕۆژەی شارە نیشتەجێبوونە نوێیەکان. جەختیشی کردەوە کە "حکومەت کاردەکات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ کۆمپانیا بیانییەکان."
فوئاد حوسێن وتیشی: "عێراق هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگی ئەوروپایە لە بوارەکانی وزە، بازرگانی و گواستنەوەدا." ئاماژەی بە گرنگیی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت کرد لە ڕێگەی پەرەپێدانی پڕۆژەی بۆرییەکان بەرەو تورکیا، سووریا و ئوردن، تاوەکو ئاسایشی وزە بەهێزتر بکرێت و ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ هەناردەکردن هەبێت، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەبنەوە. ڕوونیشیکردەوە کە ئەم پڕۆژانە ئاسۆیەکی فراوان لەبەردەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەنەوە بۆ بەشداری لە پڕۆژەکانی ژێرخان و وزە لە عێراقدا.
حوسێن داوای لە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی پورتوگال کرد سەردانی عێراق بکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری دەرفەتە وەبەرهێنانەکان بن. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی ئامادەیی دیپلۆماسیی پورتوگال لە عێراق کردەوە، چونکە ڕۆڵی دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی فراوان لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا پورتوگالییەکان ئەنجامدرا سەبارەت بە ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری و گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە بازاڕی عێراقدا، بە ئامانجی گۆڕینی ئیرادەی سیاسیی هاوبەش بۆ پڕۆژە و هاوبەشیی ئابووریی بەرجەستە.

