بەغدا - INA
ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە کۆمەڵێک فێڵباز دۆسیەی (عەدنان جومەیلی) بۆ مەبەستی سەرانەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە بازرگانان بەکاردەهێنن.
دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "هەندێک کەسی هەڕەشەکار و فێڵباز کە کارمەندی چەندین لایەنی فەرمی و نافەرمین، هەوڵدەدەن بارودۆخ و ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەی تۆمەتباری دەستگیرکراو (عەدنان محەمەد حەموود جومەیلی/ بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن) و گروپەکەی بقۆزنەوە."
ڕوونیشیکردەوە کە ئەم کەسانە پەیوەندی بە بازرگانانەوە دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناویان لە ناو لێکۆڵینەوەی دۆسیەکاندا هاتووە، ئەمەش تەنها بە مەبەستی چاوترساندن و سەرانەوەرگرتن لێیان.
دادوەر زیا جەعفەر وتیشی: "داوا لە هەموو هاووڵاتیان و بەتایبەت بازرگانان دەکەین کە بڕوا بەم درۆیانە نەکەن و مل بۆ هیچ جۆرە سەرانەوەرگرتنێک نەدەن، و هەر کارێکی لەو شێوەیەتان بینی، لە ڕێگەی ژمارە تەلەفۆنی (07718454304) دادگا ئاگادار بکەنەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە چەندین تۆمار و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی لە هەندێک کەناڵی ئاسمانی بینراون کە تێیاندا میوانەکان زانیارییان لەسەر لێکۆڵینەوەکان داوە، کە سەرلەبەریان نادروست بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نەبووە.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە دادگا توندترین ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم کارە ناشرینانە دەگرێتە بەر، کە دەیانەوێت پەڵە بخەنە سەر هەوڵەکانی دادوەری و حکومەت و دەزگاکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.



