بەغدا – INA – ئامنە سەلامی

ئەمانەی بەغدا، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کە هیچ زەوییەکی بەردەست لە ناو نەخشەی بنەڕەتیی شاری بەغدادا نییە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی "یەک ملیۆن پارچە زەوی" دابەش بکرێت. هاوكات ئاماژەی بە تەواوكردنی ڕێكارەكانی فرۆشتنی ٧٥٠ پارچە زەوی بە دانیشتووانەكەی لە گەڕەکی مەعامیل كرد، بەپێی بڕیاری (٣٢٠).

عودەی جەندیل، وتەبێژی ئەمانەی بەغدا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی دەکەونە ناو نەخشەی بنەڕەتیی شاری بەغدا و ئەمانەی بەغدا لێیان بەرپرسە، هیچ زەوییەکی زیادەیان تێدا نییە کە بتوانرێت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکرێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی (یەک ملیۆن پارچە زەوی) کە سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە." ڕوونیشیکردەوە کە "ئەگەر پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای بەغدا هەبن (نەک ئەمانەی بەغدا)، ئەوا وردبینی و جیاکردنەوەیان بۆ دەکرێت و لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیران دابەش دەکرێن."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٣٢٠) ٢١ ناوچەی زەویی کشتوکاڵیی سەر بە دەوڵەت دەگرێتەوە، کە ١٣یان سەر بە ئەمانەی بەغدان. وتیشی: "ئەمانە هەنگاوی گەورەی لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا ناوە."

جەندیل ڕوونیکردەوە: "لە ماوەیەکی نزیکدا یەکەم ناوچە کە نزیکەی ٧٥٠ پارچە زەوی لەخۆدەگرێت لە سنووری گەڕەکی مەعامیل، ڕێکارەکانی فرۆشتنیان بەو کەسانەی تێیدا نیشتەجێن بە 'نرخی باو' تەواو دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو ڕێکارەکان کۆتاییان هاتووە و لە ماوەی داهاتوودا دەست بە پرۆسەی فرۆشتنەکە دەکرێت، جەختیشی کردەوە کە وەجبەی یەکەم کە نزیکەی ٢٠ پارچە زەوی بوو، لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە دابەشکراوە.