بەغدا - INA - وسام مەلا
وەزارەتی تەندروستی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی کارەکان بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و تەندروستیی دەروونی. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر یەکێکە لە ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی بۆ قۆناغی (٢٠٢٥-٢٠٣٠).
جەمال محمەداوی، نوێنەر و ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستی، لە میانی گوتارێکدا لە یادی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا، کە لەژێر دروشمی (هاوبەشیی نیشتمانی بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە پەتای ماددەی هۆشبەر) سازکرابوو، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەیبوو ڕایگەیاند: "وەزارەتی تەندروستی پابەندە بە بەردەوامبوونی کارکردن لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی عێراقی لە پەتای ماددەی هۆشبەر، و چەسپاندنی بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی لە بوارەکانی خۆپاراستن، چارەسەر و دووبارە ڕاهێنانەوە."
وتیشی: "یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگە نیشتمانییە؛ چونکە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر تەنها بەرپرسیارێتی وەزارەتێک یان دامەزراوەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە و پێویستی بە یەکخستنی ڕۆڵی هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەسەڵاتی دادوەری، دەزگا ئەمنییەکان، ناوەندەکانی خوێندن، میدیا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خێزانی عێراقی هەیە؛ چونکە پاراستنی مرۆڤ بناغەی پاراستنی نیشتمانە."
ڕوونیشیکردەوە، کە وڵاتانی جیهان ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگیکی گەورە دەبنەوە کە ئەویش بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانە لەگەڵ لێکەوتە تەندروستی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و ئابوورییەکانی. ئەمەش وا دەخوازێت سیاسەتێکی نیشتمانیی گشتگیر پەیڕەو بکرێت کە خۆپاراستنی پێشوەختە، چارەسەر، ڕاهێنانەوە و گەڕاندنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە لەخۆبگرێت، هاوشانی جێبەجێکردنی یاسا و ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن.
محمەداوی ئاماژەی بەوەش کرد: "وەزارەتی تەندروستی ئەم دۆسیەیەی خستووەتە ناو پێشینەی کارە ستراتیژییەکانی خۆیەوە بۆ ساڵانی ٢٠٢٥-٢٠٣٠، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی، پەرەپێدانی سەنتەرەکانی چارەسەری ئاڵوودەبوون، ڕاهێنانی ستافی پزیشکی و کۆمەڵایەتی، و فراوانکردنی بەرنامەکانی هۆشیارکردنەوەی تەندروستی."
هەروەها جەختی کردەوە کە "وەزارەت بڕوای وایە ئاڵوودەبووی ماددەی هۆشبەر (نەخۆش)ـە و شایستەی چارەسەر و چاودێرییە"، ڕوونیشیکردەوە کە سەرکەوتنی بەرنامەکانی چارەسەر تەنها بە دابینکردنی ژینگەیەکی پاڵپشتیکار تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ئاڵوودەبوو چاک ببێتەوە و بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی توندی یاسا بەرامبەر بەو تۆڕە بازرگانییانەی یاری بە ئاییندەی گەنجان و ئاسایشی کۆمەڵگە دەکەن.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، کە سەرکەوتن لەم شەڕە نیشتمانییەدا تەنها بە ژمارەی دەستبەسەرداگرتنی ماددەکان و ڕێکارە یاساییەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانامان لەسەر پاراستنی خەڵک پێش ئەوەی زیانیان پێ بگات و دابینکردنی خزمەتگوزاریی چارەسەری بۆ هەموو ئەوانەی پێویستیانە دەپێورێت. دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەت وەک هاوبەشێکی سەرەکی لەم بەرپرسیارێتییەدا دەمێنێتەوە تاوەکو کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر و تەندروستتر بونیاد بنرێت.

