بەغدا - INA
دەزگای دژە تیرۆر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی پشکنین و کێوماڵکردنی فراوانی لە پارێزگاکانی موسەنا و زیقار ڕاگەیاند.
دەزگاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پاڵەوانانی دەزگای دژە تیرۆر بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، و ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و سنووردارکردنی چالاکییەکانیان، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان لە چەند ناوچەیەک ئەنجامداوە."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "پاڵەوانانمان لە پارێزگای موسەنا، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان و فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو کرا."
هەروەها ئەوەش هاتووە کە "هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان ئەنجامداوە و تێیدا بازرگانێکی دیکەی ماددەی هۆشبەریان لە پارێزگای زیقار دەستگیرکردووە و بەپێی ڕێکارەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددەی هۆشبەری هەمان پارێزگا کراوە."
لە لایەکی دیکەوە، هێزێکی دەزگای دژە تیرۆر لە پارێزگای زیقار، "ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە قەزاکانی (فەجر - فەهوود - سووق ئەلشیوخ - بەتحا) ئەنجامداوە، بە مەبەستی پشکنین و کێوماڵکردنی سنوورەکانی هاوبەش لەگەڵ پارێزگاکانی (واست، دیوانییە، میسان، بەسرە، و موسەنا)."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە "ئۆپەراسیۆنەکانی پاڵەوانانی دەزگاکەمان پشتبەستوو بە زانیاریی هەواڵگری ورد و بەدواداچوونی مەیدانی بەردەوام و بەپێی فەرمانی دادوەریی ئەنجام دەدرێن.


