بەغداد – INA
ئەنجومەنی ئەمیندارانی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی و دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، ئەمڕۆ چوارشەممە، تاوتوێی یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی دامەزراوەییان کرد بۆ پەرەپێدانی دیمەنی ڕاگەیاندن لە عێراق، ڕێکخستنی فەزای ڕاگەیاندن، و ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵە درۆینەکان و ناوەڕۆکە چەواشەکارەکان، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی.
ئەمە لە میانی پێشوازیکردنی ئەنجومەنی ئەمینداران لە شاندێکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن هات، هاوکات لەگەڵ نەوەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی کۆماری عێراق.
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی سائر غانمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند:"سەردانی شاندی دەستەی ڕاگەیاندن بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوو دامەزراوەکە بوو، وەک دوو لایەنی فەرمی پەیوەندیدار بە ڕێکخستنی کەرتی ڕاگەیاندن و هەماهەنگی لە کۆنترۆڵکردنی فەزای ڕاگەیاندن و ناوەڕۆکی میدیایی، و بەرەنگاربوونەوەی هەواڵە درۆینە و چەواشەکارەکان کە زیان بە سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەگەیەنن و ڕەنگە دەستکاری ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەییش بکەن."
غانمی رایگەیاند: "دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و ئەندامانی و سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی، هەوڵێکی شایستەی ستایش دەدەن لە ڕاپەڕاندنی بەرپرسیارێتییەکانیاندا،" و جەختی لە "ئامادەیی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی کردەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوکارییەک بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و بەرژەوەندی گشتی بکات."
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، بەلاسم سالم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی جەختی کردەوە: "سەردانەکە بۆ گەیاندنی پیرۆزبایی بوو بە ئەنجومەنی ئەمیندارانی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی بەبۆنەی نەوەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕادیۆی کۆماری عێراق، لەگەڵ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی داهاتووی هاوبەش، و ئامادەکردنی ڕێسا و یاساکان کە بەشدارن لە ڕێکخستنی کەرتی ڕاگەیاندن،" ئاماژەی بەوەشکرد: "ژمارەیەک لەو پڕۆژانە لە ماوەی داهاتوودا ڕووناکی دەبینن."
لای خۆشیەوە، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن، هیشام ڕکابی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕوونکردەوە: "دیدارەکە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە میدیاییەکانی عێراق، و تاوتوێکردنی ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە گوتاری میدیایی و پەرەپێدانی واقیعی کەرتەکەوە هەیە دێت."
وێڕای ئەوەش وتی: "دەستەی ڕاگەیاندن بەردەوام دەبێت لە دیدارەکانی لەگەڵ دامەزراوە جیاجیاکانی ڕاگەیاندن بۆ بیستنی تێبینییەکانیان و یەکخستنی هەوڵەکان بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەرزکردنەوەی ڕاگەیاندنی عێراقی بۆ ئاستی نایابی و بێلایەنی، و هاوشانبوون لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان، بە پاڵپشتی دامەزراوەکانی دەوڵەت."

