بەغداد - INA

سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمرۆ چوارشەممە، جەختی لە پەرۆشی حکومەت کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە نوێنەرایەتی قووڵایی عەرەبی عێراق دەکەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشوازی کرد لە ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی عەرەبی کەنداو جاسم محەمەد بەدێوی و شاندی یاوەری، کە پەیامێکی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی کەنداوی گەیاند، تێیدا پیرۆزباییان لە زەیدی کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهێنانی حکومەت."

بەپێی بەیاننامەکە، لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی عەرەبی خوشک و ڕێگاکانی پتەوکردنی هاوکاریی دوولایەنە لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەهێز بکات و پاڵپشتی بنەماکانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بکات.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پەرۆشی حکومەت کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە نوێنەرایەتی قووڵایی عەرەبی عێراق دەکەن، و ڕایگەیاند: "عێراق شاهیدی قۆناغێکی نوێ دەبێت کە بنەمای لەسەر بونیادنانی دەوڵەتێکی سەردەمیانە بە سەروەرییەکی تەواو، ئابوورییەکی بەهێز، چەسپاندنی یاسا، و ڕێزگرتن و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دەبێت."

لەلایەن خۆیەوە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی عەرەبی کەنداو، ستایشی ئەو هەنگاوە چاکسازییانەی کرد کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەستی پێکردووە لە بەهێزکردنی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، و بونیادنانی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو، و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ فراوانکردنی هاوبەشی لەگەڵ عێراق لەسەرجەم ئاست و بوارە جیاوازەکاندا.