بەغداد - INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێنماییدا بە دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە پێویستەکان بۆ کاراکردنەوەی ڕۆڵی ماڵی حیکمە و بەهێزکردنی پێگەکەی.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، سەردانێکی مەیدانی بۆ ماڵی حیکمە ئەنجامدا، و لە میانی سەردانەکەیدا لە نزیکەوە ئاگاداری واقیع و ڕۆڵی زانستی و فیکری و ڕۆشنبیری دامەزراوەکە بوو."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە: کە " ماڵی حیکمە میراتێکی شارستانی و فیکری دێرینی لەکۆڵ گرتووە"، و جەختیشی لەسەر "پێویستی پێدانی گرنگی بەم دامەزراوەیە کردەوە بە شێوازێک کە لەگەڵ پێگە و بایەخەکەیدا بگونجێت."

ئاماژەی بەوەش دا: "گرنگە ماڵی حیکمە ڕۆڵی خۆی وەک هێلانەیەک بۆ بیرمەندان و لێهاتووە فیکری و داهێنەرەکان بگێڕێتەوە، و ببێتە سەکۆیەکی نیشتمانی و عەرەبی بۆ ڕاکێشانی وزە فیکری و زانستییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی سازکردنی کۆنگرەیەکی ساڵانەی گەورە کە نوخبەیەك لە توانا عێراقی و عەرەبەکان لەخۆبگرێت، بەشدار بێت لە دەستنیشانکردنی ئەو تەحەددا و کێشانەی ڕووبەڕووی دەوڵەتی عێراق دەبنەوە و پێشکەشکردنی دیدگا، چارەسەری گونجاو."

سەرۆک وەزیران ڕێنماییدا بە "دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە پێویستەکان بۆ کاراکردنەوەی ڕۆڵی ماڵی حیکمە و بەهێزکردنی پێگەکەی"، و جەختی لە "پێشکەشکردنی پاڵپشتی داواکراو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی کردەوە، جگە لە ڕێنماییکردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی دارایی و تەکنیکی بەم دامەزراوەیە."

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی ماڵی حیکمە، نەعیم عەبد یاسر عەبوودی، کورتەیەکی لەسەر "مێژووی دێرینی ئەم دامەزراوەیە و ڕۆڵی لە قۆناغەکانی ڕابردوودا بۆ پاڵپشتیکردنی فیکر و دروستکردنی ڕاوبۆچوون خستەڕوو، وێڕای ئەوەی کە نوێنەرایەتی سەکۆیەکی کاریگەر دەکات بۆ ڕۆشنبیری و فیکری عەرەبی و ئیسلامی."

بەیاننامەکە رونیكردەوە: "لە کۆتایی سەردانەکەدا زەیدی بەناو هۆڵ و ڕێڕەوەکانی ماڵی حیکمەدا گەڕا، و ئاگاداری مێژووەکەی بوو لەگەڵ ئەو وێستگە و ڕووداوە دیارانەی کە ماڵەكە بەخۆیەوەی بینیوە لە مێژووی عێراقدا، لە مێژووی دامەزراندنییەوە لە سەردەمی عەباسییەکاندا."