بەغداد- INA

وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە پڕۆژەی ئەرتاوی هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ وەبەرهێنانی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا پێوانەیی غاز لە ڕۆژێکدا.

نووسینگەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز، لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز، عیزەت سابیر ئیسماعیل، سەردانی پێگەی کێڵگەی ئەرتاوی لە پارێزگای بەسرە کرد، و لە نزیکەوە ئاگاداری ئاستی تەواوبوونی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی قۆناغی جێبەجێکردن بوو، لەوانە پڕۆژەی وەبەرهێنانی غازی خێراکراو (AG25) و پڕۆژەی (GMP)، هەروەها بریکاری وەزارەت سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە بەرپرسانی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی لەخۆگرتبوو."

ئەوەشی خستەڕوو کە "بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز لەم سەردانەدا لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای غازی باشوور، عەلی سەلمان مەجید، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئەرتاوی، عەبدوڕەحمان هیلال، و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، باسم غالیبی، هاوڕێیەتی دەکرا."

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری غاز جەختی لە "گرنگی پڕۆژەی ئەرتاوی لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەتی نەوت بۆ وەبەرهێنانی غازی هاوپێچ کردەوە، بەهۆی ئەو زیادکردنە جۆرییەی کە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی وزە، کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان، و بەهێزکردنی دەستکەوتی ئابووری و ژینگەییدا نوێنەرایەتی دەکات."

ڕوونی کردەوە کە "پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا ئامانجی وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی بڕی غازە کە دەگاتە ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا پێوانەیی لە ڕۆژێکدا، لەو غازەی کە لە کێڵگەکانی ئەرتاوی، ڕۆژئاوای قورنە/٢ و مەجنوون بەرهەم دەهێنرێت،" هاوکات جەختی لە "گرنگی تەواوکردنی کارەکان لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە دابینکردنی وزە و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن."

ستایشی "هەوڵەکانی ستافە کاراکانی ناو پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کرد بۆ ئەو کۆششە بەردەوامەی سەرەڕای تەحەددییەکان دەیخەنە گەڕ،" و جەختی لە "پەرۆشی وەزارەتی نەوت کردەوە بۆ دابینکردنی پاڵپشتی پێویست بەمەبەستی ڕەواندنەوەی ڕێگرییەکان و ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی چالاکییەکانی پڕۆژەکاندا."