بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، جەختی کردەوە لە پاڵپشتی و پشتیوانیی عێراق بۆ ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی و بەدوورگرتنی ناوچەکە و گەلانیەتی لە لێکەوتەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، پێشوازیی کردووە لە نێردراوی سەرۆکی پاکستان، سیناتۆر سەلیم ماندیوێلا، کە ناوبراو سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆکی پاکستان، ئاسف عەلی زەرداری بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتەوە گەیاندە سەرۆک وەزیران، و داوەتنامەیەکی فەرمیشی بۆ سەردانیکردنی ئیسلام ئاباد پێشکەش کرد".

له‌ ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامبوونی بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی و بەرزکردنەوەی ئاستەکەی لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، بەتایبەتی لە کەرتی پیشەسازیی دەرمان، کشتوکاڵ، و ڕێکخستنی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی بۆ عێراق، بە شێوازێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل بەدیبهێنێت و پاڵپشتی لە هەوڵەکانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بکات".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە "پاڵپشتی و پشتیوانیی عێراق بۆ هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی، و بەدوورگرتنی ناوچەکە و گەلانی لە لێکەوتەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان" کردەوە، هاوكات بەرز نرخاندنی خۆی بۆ "هەوڵەکانی پاکستان دەربڕی لە گرێدانی یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هێورکردنەوە لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی".

لەلایەن خۆشییەوە، نێردراوی سەرۆکی پاکستان دووپاتی کردەوە لەسەر "پەرۆشیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراقدا، لە بوار و کەرتە زیندووە جیاجیاکاندا"، و ستایشی ئەو "هەنگاوە ئەرێنییانەی کرد کە عێراق بەخۆیەوە دەیبینێت لەسەر ئاستی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی".