بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فیحان، و ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، هادی عامری، جەختیان لە پاڵپشتیی خۆیان کردەوە بۆ هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەری لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی ماڵی گشتیدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فیحان، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، هادی عامری کۆبووەوە، لە میانی کۆبوونەوەکەشدا، پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی لەسەر ئاستی نیشتمانی تاوتوێ کران، لەگەڵ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک مەلەفی لە پێشینە لە قۆناغی ئێستادا، کە لە سەرووی هەموویانەوە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەرییە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، گێڕانەوەی پارە دزراوەکان، پاراستنی ماڵی گشتی، و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی تەواوکردنی کابینەی وزاری کردەوە بە شێوازێک کە کارایی ئەدای حکومی بەهێز بکات و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومی خێراتر بکات، هاوکات دووپاتیان کردەوە لەسەر گرنگیی بەرزکردنەوەی هەردوو ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران لە میانی وەرزی نوێی یاساداناندا، بە جۆرێک کە بنەماکانی شەفافییەت و سەروەریی یاسا بچەسپێنێت، و سیستمی دەستپاکی و لێپرسینەوە بەهێز بکات، لەگەڵ گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی، بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری، پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان، و بەهێزکردنی توانای دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ وەڵامدانەوەی خواست و هیوای هاوڵاتییان".



