بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، نامەیەکی پیرۆزبایی لە سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی پاکستان، ئاسف عەلی زەرداری، پێگەیشت بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا، هاوکات بانگهێشتنامەیەکی فەرمیشی بۆ سەردانی ئیسلام ئاباد پێگەیشت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، نامەیەکی لە سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی پاکستان، ئاسف عەلی زەرداری پێگەیشت، کە تێیدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار لێکرابوو، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پتەویی پەیوەندییە دووڵایەنەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و پەرۆشیی خۆی بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "ئەمە لە میانی پێشوازیکردنی بوو لە شاندێکی باڵای پاکستانی لە کۆشکی بەغدا بە سەرۆکایەتیی نێردراوی سەرۆکی پاکستان، سیناتۆر سەلیم ماندیوێلا، کە نامەکەی ڕادەست کرد و سڵاو و ڕێزی سەرۆک زەرداری و هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک ئامێدی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانیدا گەیاند، لەگەڵ هیوای پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر بۆ عێراق و گەلەکەی، هەروەها بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن سەرۆکی پاکستانەوە بۆ سەردانی کۆماری ئیسلامیی پاکستان گەیاند".
سەرۆک کۆمار لای خۆیەوە، "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکی پاکستان دەربڕی لەبەرامبەر نامەی پیرۆزباییەکەی و ئەو هەستە جوانانەی کە تێیدابوو، کە ڕەنگدانەوەی قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە"، جەختیشی کردەوە لەسەر "گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دووڵایەنی و فراوانکردنی ئاسۆکانی بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە: "پەرۆشیی عێراق بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاکستان، و بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لە هەمبەر ئەو بابەتانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئەمن و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

