بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،ئەنجومەنی باڵای دادوەری،جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، بە پشتبەستن بە بەڵگەکان بەردەوامە، هاوکات ڕایگەیاند کە لە ماوەی داهاتوودا و لەگەڵ پێشکەوتنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە کەسایەتییە سیاسییەکان و کەسانی دیکە دەگیرێتە بەر.
دادوەر،زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار (عەدنان جومەیلی/ بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن) لە مانگی دەی ساڵی 2025 دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دادگا کۆمەڵێک زانیاریی پێگەیشتووە کە باس لەوە دەکات ژمارەیەک کاندید بڕە پارەی زەبەلاحیان بۆ پشتیوانیکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان خەرجکردووە و سامانی دەوڵەتیان بەکارهێناوە، بە پشتیوانیی کەسایەتییە باڵادەستەکان لە حکومەتی پێشوو.
هەروەها دەڵێت : بەهۆی گرنگی و هەستیاری ئەم تاوانە، هەوڵەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری چەند مانگێکی خایاند، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کرد کە کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران تێوەگلاون لە بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، و سوودوەرگرتن لە گرێبەستە حکومییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ بەدەستهێنانی کۆمیسیۆن و بەرژەوەندی کەسی بۆ خۆیان و کەسانی دیکە، ئەوەش وایکرد لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.
ئاماژەی بەوەشدا: بەپێی داوای دادگا و پەیوەندیکردن بە ئەنجومەنی نوێنەران، پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵگیرا لەلایەن سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێی دراوە بەگوێرەی بڕگەکانی ماددەی (63/دووەم/ج) و (7/چوارەم) لە یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 13ی ساڵی 2018، و ماددەی (11/دووەم/3) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو، و ماددەی (20/سێیەم) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : بە دەستگەیشتنی نووسراوەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندی، و بە هاوکاری دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا، و بە چاودێری ڕاستەوخۆی هەردوو سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئەنجومەنی وەزیران، دەستکرا بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن کە دژیان دەرچووبوو و دەستبەسەرکران، لەو نێوەندەدا پارە و کەرەستەی تاوانکاری دەستیان بەسەردا گیرا کە سەلمێنەری ئەوەیە پێشێلی یاسایان کردووە، لە کاتێکدا بەشێکیان هێشتا هەڵاتوون، جێگەی ئاماژەیە لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا بە پشتبەستن بە بەڵگەکان بەردەوامە، و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە کەسایەتییە سیاسییەکان و کەسانی دیکە لە ماوەی داهاتوودا و لەگەڵ پێشکەوتنی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا دەگیرێتە بەر.



