حکومەتی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکانی پەسەند کرد.
گیدیۆن سەعەر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارەکە "ئەرکی ئەخلاقی" ئیسرائیلە، ئاماژەی بە کوشتنی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار ئەرمەنی لە ساڵانی کۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا کرد.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سوپاسی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە بنیامین نەتەنیاهۆ دەکات بۆ پشتگیرییەکان و سوپاسی وەزیرەکانی حکومەتەکەش دەکات بۆ پەسەندکردنی ئەوە بڕیارە بە کۆی دەنگ. دەشڵێت "من دەستپێشخەریم کرد بۆ دانپێدانانی ئیسرائیل بە جینۆسایدی ئەرمەنستان."
ڕایشیگەیاندووە بەم شێوەیە " ئیسرائیل بەشداری 32 وڵاتانی تر دەکات کە ئەرکی ئەخڵاقی خۆیان بەجێگەیاندووە لە ناساندنی ڕاستی ئەو مێژووەدا، و ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی ئینکاریکردن."
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل نووسیویەتی، پێدەچێت ئەم هەنگاوە کاردانەوەی توندی تورکیا لێبکەوێتەوە، کە بە بەردەوامی ڕەتیکردووەتەوە کۆمەڵکوژییەکانی ئەرمەنی بە جینۆساید ناوببات.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە دوای شەڕی غەززە و هەڵوێستی توندی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دژی ئیسرائیل ئاڵۆزە.

