سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداری بە ئێرانییەکان دەدات و دەڵێت ئەگەر ئەو وڵاتە بەردەوامبێت لە پێشێلکردنی ئاگربەست، ڕەنگە ناچار بکرێین ئەو کارە لەشکرییەی دەستمانپێکرد تەواوی بکەین. ئەگەر بێت و ئەو ڕووبدات، ئەوا شتێک نامێنێت بە ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران.
سەرۆک ترامپ ئێوارەی شەممە بە کاتی واشنتن لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر تورث سۆشیال، نووسی،"فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆردومانی شوێنەکانی هەڵگرتنی موشەک و درۆنی ئێرانیان کرد و هەروەها ڕادارەکانی لە کەنارئاوەکان، ئەمەش لە بەرامبەر ئەوەی جارێکی دیکە ئێران ئاگربەستی پێشێلکردەوە! زۆر پێدەچێت هەرگیز فێرنەبن! ڕەنگە ساتێک بێت چیتر نەتوانین پشوو درێژبین و ناچار بکرێین ئەو کارە لەشکرییەی بە سەرکەوتوویی دەستمانپێکرد تەواوی بکەین. ئەگەر بێت و ئەو ڕووبدات، ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران بوونی نابێت."
ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی بەکارهێنانی درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکانی نەوتهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز، ئەمەش بۆخۆی پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەیە کە لەگەڵ ئەمەریکا پێیگەیشتووە بە هەوڵی پاکستان و قەتەر و چەند وڵاتێکی دیکە.



