بەغداد – INA

لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان، ئەمڕۆ شەممە، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی فەراهەمکردنی ژینگەی گونجاوی یاسادانان و وەبەرهێنان.

پەرلەمانتار محەمەد مەهاوی شویلی، ئەندامی لیژنەکە، لە کۆڕێکی دیالۆگدا لەگەڵ دەستەیەک لە ڕاگەیاندکاران و ڕۆژنامەنووسان، بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، وتی: "عێراق خاوەنی ئەو پێکهاتانەیە کە گەرەنتی ڕابوون و گێڕانەوەی پێگەی خۆی دەکەن، بەڵام بەدیهێنانی ئەمە پێویستی بە پڕۆژەیەکی چاکسازی گشتگیر هەیە کە لەسەر بنەمای چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی، بەهێزکردنی شەفافیەت، چالاککردنی چاودێری و پاڵپشتیکردنی ئابووری نیشتمانی بنیات بنرێت"، توندیشی کردەوە کە "چاکسازی چیتر بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە کە ئەو ئاڵەنگارییە ئابووری و سیاسییانەی وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت، دەیسەپێنن."

وتیشی: "ڕاگەیاندنی پیشەیی و ئازاد نوێنەرایەتی یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکەکانی دەوڵەتی هاوچەرخ دەکات، بەهۆی ئەو ڕۆڵە چاودێرییەی کە دەیگێڕێت لە ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی، بەهێزکردنی شەفافیەت و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لای هاوڵاتیان"، جەختیشی کردەوە کە "ڕاگەیاندنی بەرپرسیار هاوبەشێکی سەرەکییە لە پاراستنی سامانی گشتی و چەسپاندنی بنەماکانی لێپرسینەوەدا."

ناوبراو وتیشی کە "شەڕی دژی گەندەڵی پێویستی بە کارێکی دامەزراوەیی تەواوکار هەیە، کە پشت بە هاوکاری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ببەستێت، لەگەڵ بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی ڕاستەقینە و سەربەخۆ کە ڕۆڵی خۆی لە چاودێریکردنی ئەدای حکومەتدا بگێڕێت"، ڕوونیشیکردەوە کە "بەردەوامبوونی سیستەمی پشکپشکێنە ئامرازەکانی چاودێری لاواز دەکات و سنوور بۆ کاریگەری لێپرسینەوە دادەنێت."

ئاماژەی بەوەشدا کە "هاوڵاتی بەردی بنەغەیە لە هەر پرۆسەیەکی چاکسازیدا"، داوایکرد کە "نوێنەرانی گەل بەپێی پێوەرەکانی دەستپاکی، لێهاتوویی و شارەزایی هەڵبژێردرێن، و پشت بە توێژینەوە و بەدواداچوون لە ژیاننامەی (CV) کاندیدەکان و تۆماریان لە خزمەتکردنی نیشتماندا ببەسترێت."

شویلی جەختی کردەوە کە "سەروەری یاسا گەرەنتی ڕاستەقینەیە بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی ئارام و ڕاکێشەر بۆ وەبەرهێنانەکان"، ڕوونیشیکردەوە کە "وەبەرهێنەر پێویستی بە دامەزراوەگەلێک هەیە کە یاسا و ڕێساکان حوکمی بکەن، بەدوور لە هەر پڕاکتیک یان دەستوەردانێک کە ڕێگری لە وەبەرهێنان بکات و دەرگاکانی گەندەڵی بکاتەوە."

دووپاتیشی کردەوە کە "عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت کە پێویستی بە ئیرادەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو، و عەزیمەت و سووربوون هەیە لەسەر جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، لە ژێر سێبەری ئەو ئاڵەنگارییە دارایی و ئابوورییانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە، ئەمەش وا دەخوازێت بڕیاری بوێرانە بدرێت کە بەرژەوەندی نیشتمان و هاوڵاتی بخاتە سەرووی هەر ڕەچاوکردنێکی دیکەوە."

شویلی داوای "پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەتی کرد وەک بزوێنەری سەرەکی گەشەپێدان، لە ڕێگەی فەراهەمکردنی ژینگەی یاسادانان و وەبەرهێنانی گونجاو، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە ڕەخساندنی دەرفەتی کاری بەردەوام، کەمکردنەوەی بێکاری و کەمکردنەوەی پشت بەستن بە دامەزراندنی حکومی، تا گەیشتن بە ئابوورییەکی هەمەچەشن و بەتوانا بۆ بەدیهێنانی گەشە."

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "گرنگی بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانەکان لە نێوان سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا، بە شێوەیەک کە گەرەنتی گەیشتنی سەرچاوە نیشتمانییەکان بۆ شایستەکانی بە شێوازێکی دادپەروەرانە بکات، و گەشەپێدانی هاوسەنگ لە پارێزگا جیاوازەکاندا بەدیبهێنێت"، جەختیشی کردەوە کە "دادپەروەری ئابووری کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەوڵەت."

داوایشی کرد "پەیژەیەکی مووچەی یەکگرتوو و دادپەروەرانە پەسەند بکرێت کە یەکسانی لە نێوان فەرمانبەرانی دەوڵەتدا بەدیبهێنێت، و چارەسەری ئەو جیاوازییە گەورەیە بکات کە لە مووچە و ئیمتیازاتی نێوان دامەزراوەکاندا هەیە، بەپێی پێوەرە یاسایی و پیشەیییەکان کە دادپەروەری وەزیفی بەدیبهێنن و مافی سەرجەم کارمەندانی کەرتی گشتی بپارێزن"، هەروەک داوای چەسپاندنی کولتووری ڕەخنەی بونیادنەری کرد وەک ئامرازێک بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و چاککردنی ئەدا.

جەختی کردەوە کە "ڕەخنەی بابەتیانەی قائم لەسەر ڕاستییەکان و بەرژەوەندی گشتی، بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، و جیاوازی لە بیروڕادا دەبێت پاڵنەر بێت بۆ چاکسازی نەک هۆکارێک بۆ ناکۆکی و دابەشبوون."

شویلی لێدوانەکەی کۆتایی پێهێنا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە "بنیاتنانی عێراق بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی هاوبەشە، کە بە ڕاگەیاندنێکی ئازاد و بەرپرسیار، ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر، هاوڵاتییەکی هۆشیار، سەروەری یاسا، دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانەکان، پاڵپشتی ڕاستەقینە بۆ کەرتی تایبەت و ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستگۆ کە بەرژەوەندی نیشتمان دەخاتە سەرووی هەموو اعتبارێکەوە دەست پێدەکات، بەمەش دەوڵەتێکی بەهێز دادەمەزرێت کە توانای بەدیهێنانی خواستەکانی عێراقییەکانی لە ئاسایش، سەقامگیری و گەشەپێداندا هەبێت."