بەغداد - INA – فاتیمه ڕەحمە
ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد، سەرکەوتنی پلانی ئەمنی تایبەت بە زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمی حەرامی ڕاگەیاند.
فەریقی روكن وەلید خەلیفە تەمیمی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: "سەرکەوتنی پلانی ئەمنی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی دەیەمین ڕۆژی مانگی موحەڕەمی حەرام ڕادەگەیەنین، و جەختیش دەکەینەوە کە سەرجەم ئەرکە ئەمنییەکان بەپێی ئەو پلانەی بۆیان داڕژابوو جێبەجێ کران، بە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی فەرماندەیی و ئەو هێزە پاڵپشتانەی کە لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەوە بەشدار بوون."
ڕوونیشی کردەوە کە "ڕێوڕەسمەکانی زیارەتەکە و دروشمە حوسێنییەکان بە ڕەوانییەکی بەرز و لە ناو سەقامگیرییەکی تەواوەتی ئەمنیدا بەڕێوەچوون، ئەوەش بە فەزڵی ڕێکارە هەواڵگری و پێشوەختەکان و دابەشبوونی مەیدانی هێزەکان، لە پاڵ ئەو هاوکارییە گەورەیەی کە لەلایەن هاووڵاتیان، خاوەن موکێبە حوسێنییەکان و لایەنە خزمەتگوزارییەکانەوە نیشان درا، کە ئەمەش بەشداربوو لە سەرخستنی پلانەکە و بەدیهێنانی ئامانجەکانی."
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد ستایشی هەوڵەکانی سەرجەم کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان و هاوکاری هاوڵاتیانی کرد، و جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی فەرماندەییەکە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بۆ پاراستنی ئاسایشی پایتەخت و پارێزگاریکردن لە هاوڵاتیان لە بۆنە جیاجیاکاندا.

