نێودەوڵەتی – INA
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئێران بە پەرۆشییەکی زۆرەوە دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، و هیوای خۆشی دەربڕی کە لە ماوەی داهاتوودا پێکهێنانی گرێبەستێک لە نێوان هەردوولادا بێتە دێ.
ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پڕۆسەی کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی ئێران زۆر بەم زووانە دەستپێدەکات، و پێشبینیشی کرد کە قەبارەکەی یەکجار گەورە بێت، ڕوونیشی کردەوە کە بەشێک لە پارەکانی ئێران بۆ کڕینی بڕێکی زۆر لە گەنم، فاسۆلیای سۆیا و گەنمەشامی ئەمریکی بەکاردەهێنرێت.
وتیشی ویلایەتە یەکگرتووەکان "گوزهرێكی کوشندەی" لە ئێران داوە، و لە ئێستاشدا لە "پێگەیەکی هێزی ڕەهاوە" گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات، جەختیشی کردەوە کە تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ئەوانیش "بە ڕێژەی ١٠٠٪" لەسەر ئەمە ڕازی بوون.
ترەمپ بانگهوازی ئەوەی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی هەفتە و نیوێکدا سوپای ئێران، سەرکردایەتییەکەی، فڕۆکە و هێزی دەریاییەکەیان "بە ڕێژەی ١٠٠٪" تێکشکاندووە، و لافی ئەوەشی لێدا کە ١٥٩ کەشتی ئێرانییان بە تەواوی نوقم کردووە.
لە بواری ئابووریشدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە نرخەکانی نەوت بە توندی ڕوویان لە دابەزین کردووە، و پێی وابوو کە دابەزینی نرخەکەی ڕەنگدانەوەی بەسەر نرخی کاڵا جۆراوجۆرەکانەوە دەبێت، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە گەرووی هورمز کراوەیە و دوێنێ ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕیوە، کە بە گوتەی ئەو، ئەمە بەرزترین ژمارەیە لە مێژووی خۆیدا.

