کۆنگرێسی ئەمەریکا بەردەوامە لە پێداچوونەوە بە بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2027، کە زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلارە و ئەگەر پەسەندبکرێت دەبێتە گەورەترین بودجەی بەرگری لە مێژووی وڵاتدا.
لیژنەی بودجەی ئەنجومەنی نوێنەران دوێنێ بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان پرۆژەیاسای بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2027 پەسەند کرد، کە بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلارە و ئامانجی سەرەکی بریتییە لە باشترکردنی توانای جەنگی و بەرگریی سوپای ئەمەریکا.
کێن کالڤێرت، سەرۆکی لیژنەی پارەدارکردنی بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران، وتی، "پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی بەرگری ساڵانە نیشانەی پابەندبوونمانە بە پاراستنی ئەمەریکا و دڵنیایی دەدات لەوەی سوپای ئەمەریکا هەمیشە بەهێزترین هێزی جەنگی بێت لە جیهاندا."
یاسادانەران دەڵێن ئەم بودجەیە وەڵامێکە بۆ گۆڕانی خێرای تەکنەلۆژیای جەنگی و هەڕەشە جیهانییەکان، بەو هۆیەی جەخت دەکرێتەوە لەسەر وەبەرهێنان لە بواری ژیری دەستکرد و چەکی هایپەرسۆنیک و سیستەم و تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
بۆچوونی یاسادانەران ئەوەیە کە جەنگی مۆدێرن بە خێرایی دەگۆڕێت و پێویستە ئەمەریکا هەمیشە پێشەنگ بێت، بە تایبەتی کاتێک وڵاتانی رکابەری وەک چین بەردەوامن لە پەرەبێدانی توانای سەربازییان.
پرۆژەیاساکە بە هەردوو ئاراستەی ستراتیژی درێژخایەن و وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئێستا کاردەکات. ئەندامانی لیژنەی بودجە جەختیان کردووە کە هەڕەشەکان بەردەوامن و بەرپەرچدانەوەی ئێران و پەرەپێدانی ئامادەیی سەربازی لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشینەی ئەرکەکاندایە.
بەپێی پرۆسەی یاسادانان، پاش تەوابوونی کاری لیژنە سەرەکی و لاوەکییەکان ئەم پرۆژەیاسایە دەخرێتە بەردەم تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆ و هەموارکردن و پاشان دەنگی لەسەر دەدرێت. لە ئەنجومەنی سیناتیش بەهەمان شێوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم پرۆسەیە چەندین هەفتە بخایەنێت تا دەنگی لەسەر بدرێت. پاش تەوەەبوونی پرۆسەکە، بۆ واژۆکردن دەنێردرێت بۆ سەرۆک.


