بەدواداچوون – INA

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاستیی ئەو بانگەشە ئەمریکییانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن تاران ڕازی بووە داراییە ئازادکراوەکانی بۆ کڕینی کاڵای کشتوکاڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەرج بکات.

قالیباف لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند: "واشنتن بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە داراییە ئازادکراوەکانی ئێران بۆ کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنرێت." هەروەها بە تۆنێکی تەنزئامێزەوە نووسیویەتی: "تاکە بەرهەمێک کە ئێمە لە ئەمریکاوە دەستمان دەکەوێت، دەیان ساڵ لە بێ متمانەییە؛ ئەوەش بەرهەمێکی سروشتی و ناوخۆیی و فراوانە، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنها فاسۆڵیای سۆییای دەستکاریکراوی بۆماوەیی، پەیمانی شکێنراو و قسەی بێمانا هەناردە دەکات."

ئەم لێدوانانەی قالیباف دوای جەختکردنەوەکانی عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران هات، کە ئەویش لای خۆیەوە ڕاستیی ئەو ڕاگەیەندراوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ڕەتکردەوە، کە وتبووی ڕێککەوتنەکە تاران پابەند دەکات تەنها بۆ کڕینی هەناردەی ئەمریکی ئەو پارەیە خەرج بکات.

هیممەتی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕوونیکردەوە کە "ئەو بڕە پارە سەرەتاییەی ئازادکراوە و بڕەکەی ١٢ ملیار دۆلارە، بۆ کڕینی کاڵا سەرەکییەکان و دەرمان تەرخان دەکرێت، ئەمەش دەرفەت بە تاران دەدات داراییە ئاساییەکانی بۆ بوارەکانی دیکەی خەرجکردن ئاراستە بکات." هەروەها جەختی کردەوە کە "هیچ مەرج یان پابەندبوونێکی یاسایی لە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی واژۆکراودا نییە کە ناچارمان بکات تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە کاڵا بکڕین."

لەگەڵ ئەوەشدا، پارێزگاری بانکی ناوەندی دەرگای بۆ ئەگەری کڕینی مەرجدار واڵا کرد و وتی: "هیچ کێشەیەکمان نییە لە کڕین لە بازاڕەکانی ئەمریکا ئەگەر نرخ و جۆری کاڵا سەرەکییەکان - وەک گەنم، گەنمەشامی و فاسۆڵیای سۆیا - کێبڕکێکار بن و پێداویستییەکانمان دابین بکەن."

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە "پارە سڕکراوەکانی ئێران تەنها لە بازاڕەکانی ئەمریکا وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، ئەوەش لەپێناو پشتیوانیکردنی جوتیارانی ئەمریکا لە ڕێگەی کڕینی گەنم، گەنمەشامی و فاسۆڵیای سۆیا بە شێوەیەکی تایبەت.