بەغدا – INA
یەکێتیی جامی کەنداوی عەرەبی بۆ تۆپی پێ، ڕاگەیاندنی پاڵەوانێتی "جامی سوپەری یانەکانی کەنداو ٢٠٢٦"ی ڕاگەیاند، کە تێیدا یانەی دهۆکی عێراقی (پاڵەوانی یەکەمین خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو) و یانەی ڕەیانی قەتەری (پاڵەوانی دووەمین خولی هەمان پاڵەوانێتی) ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی یەکێتیی جامی کەنداوی عەرەبیدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، هاتووە: "پارێزگای دهۆک لە ١٣ی ئابی داهاتوودا میوانداریی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەکات، کە ئەمەش وەک وەرچەرخان و زیادکردنێکی نوێ بۆ مێژووی پاڵەوانێتییەکانی کەنداو هەژمار دەکرێت."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم خولە نوێیەی جامی سوپەر وێستگەیەکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی کێبڕکێ هەرێمییەکان و بەهێزکردنی پێگەیان لە گۆڕەپانی وەرزشیی کەنداودا، هاوکات پێشبینی دەکرێت بایەخێکی جەماوەری و میدیایی فراوان لەسەر ئاستی ناوچەکە بەدەستبهێنێت."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، جاسم سوڵتان ڕومەیحی، ئەمینداری گشتیی یەکێتییەکە، ستایشی هەوڵەکانی یانەی دهۆکی کرد بۆ ڕێکخستنی سەرجەم وردەکارییەکان بە مەبەستی میوانداریکردنی یارییەکە و دەرخستنی بە شێوازێک کە شایستە بێت بە ناوبانگی تۆپی پێی کەنداو، هەروەها سوپاسی پاڵپشتییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی کرد بۆ سەرخستنی ئەم ڕووداوە وەرزشییە.

