مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەبوزەبی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات سەبارەت بە یاداشتنامەکەی ئەمەریکا و ئێران تاوتوێی کرد.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەمبارەیەوە هاتووە، ڕوبیۆ لەگەڵ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئیماراتی تاوتوێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئێرانیان کردووە و هەروەها باسی هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی تەواو و سەلامەتی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و گرنگی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووە.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی بەرگری و بازرگانی کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە 23ی مانگی شەش گەیشتە ئەبوزەبی، لە کاتی گەیشتنیدا ڕایگەیاند ئامانجی "گوێگرتن"ە لە بۆچوونی هاوپەیمانە عەرەبییەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن و "لەبەرچاوگرتنی" بۆچوونەکانیان لە بڕیارەکانی ئەمەریکادا.