بەغداد – INA
دەستەی مافەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی بۆ كەسوكاری پلە یەکی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە ڕێژەی ٥٠٪ ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی کاردا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، هاتووە: "دەستەی مافەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەدەستهێناوە بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بە ڕێژەی ٥٠٪ بۆ ئەو خوێندکارانەی کە یەکێک لە سەرپەرشتیار یان خزمە نزیکەکانیان (باوک، دایک، برا، خوشک) لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بن و لە دەستەکە تۆمارکرابن، بە مەرجێک ڕێژەی پەککەوتەییەکەیان لە ٧٥٪ کەمتر نەبێت".
سەرۆکی دەستەکە، زیکرا عەبدولڕەحیم، بەپێی بەیاننامەکە جەختی کردەوە: کە "ئەم ڕێکارە ئامانجی بەهێزکردنی مافەکانی خوێندنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خێزانەکانیانە، لەگەڵ سووککردنی بارگرانی دارایی لەسەر شانیان"، ئاماژەی بەوەش دا کە "بڕیارەکە گشتێندراوە بۆ سەرجەم زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان بە پشتبەستن بە یاسای مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان ژمارە ٣٨ی ساڵی ٢٠١٣".



