هەولێر – INA - ئێڤان ناسر
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی ١٨٨ هەزار تۆن لە بەروبوومی گەنمی بۆ ئەم وەرزە ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا جەختی لە دەستەبەرکردنی مافی جووتیاران کردەوە.
خۆشناو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "پرۆسەی وەرگرتنی بەروبوومی گەنم بۆ ئەم وەرزە دەستی پێکردووە"، جەختیشیکردەوە کە "سەنتەر و سایلۆکانی هەولێر، کۆیە و قوشتەپە، پێشوازی لە بڕی پێشەکەشکراو دەکەن کە دەگاتە ١٨٨ هەزار تۆن لە بەروبوومی گەنمی بەرهەمهاتوو لە ناوچەکانی گوێڕ و دیبەگە؛ ئەمەش لە میانی سەردانەکەیدا هات بۆ سایلۆی هەولێر بە هاوڕێیەتی جێگری پارێزگار هێمن قادر، و هێمن سەید مراد بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵ، و میران بەختیار بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، و هۆگر عەلی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی".
ڕوونیشیکردەوە: "سایلۆکانی هەولێر شاھیدی باشتربوون و گۆڕانکاری ئەرێنی بوون کە بەشداربوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە ماوەی پرۆسەی وەرگرتندا پێشکەش دەکرێن"، ئاماژەی بەوەشدا: "ڕێکاری پێویست بەپێی ڕێنمایی و ئاڕاستەکان گیراوەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هەموو جۆرە پێشێلکارییەک، بەشێوەیەک کە گەیشتنی شایستە داراییەکان بە جووتیارانی ڕاستەقینە مسۆگەر بکات".
خۆشناو جەختی لە "گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ" کردەوە، و وتیشی: "حکومەت خاوەنی پلان و پڕۆژەی ستراتیژییە کە ئامانجیان بەهێزکردن و گەشەپێدانی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراکە بۆ هاووڵاتییان".


