سلێمانی - INA

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران رایگه‌یاند کێشەی تانجەڕۆ کارەساتێکی ژینگەییە نەک تەنها بۆ سلێمانی بەڵکو بۆ هەموو عێراق، چوونکە لە ڕێگەی پیسبوونی ئاوی رووبارەکانەوە زیانی تەندروستی بۆ دانیشتووانی زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هەیە

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگیری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمیلەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە ، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی کرد لە بەڕێوەبەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە بە شێوەیەکی رێکوپێک کاروباری هاوڵاتییان جێبەجێ دەکەن و داوای لێکردن بۆ لەمەودواش هەوڵ بدەن ئاسانکاری زیاتر بکەن بۆ راییکردنی مامەڵە و کاروباری هاوڵاتییان.

هه‌روه‌ها لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی تانجەرۆ کرا. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە رایگەیاند کێشەی تانجەڕۆ کارەساتێکی ژینگەییە نەک تەنها بۆ سلێمانی بەڵکو بۆ هەموو عێراق، چوونکە لە ڕێگەی پیسبوونی ئاوی رووبارەکانەوە زیانی تەندروستی بۆ دانیشتووانی زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هەیە. هەربۆیە پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت حکومەتی عێراق بەشداربێت لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا.

لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی ئەم کێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق گفتوگۆ دەکات و هەوڵ دەدرێت بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چارەسەرە خێرا و بەپەلەکان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی و لیژنەکەش راسپێردرا لە ماوەیەکی دیاریکراودا هەندێک لە چارەسەرە خێراکان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.