دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال ڕایگەیاند ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر "بەرزترین ئاستی پشکنین بۆ بنکە ناوکییەکانی بۆ ئایندەیەکی نادیار "، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ترامپ هەروەها لە پەیامێکی دیکەدا ڕایگەیاندووە دوێنێ 19 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە و وتی ئەمە ڕیکۆردێکی مێژووییە. ناوبراو ئاماژەی بە دابەزینی نرخی نەوت کرد و ئەم پێشهاتەی بە نیشانەی زیادبوونی ئاسایشی جیهانی زانی.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنەی لە میدیا سەرەکییەکان گرت و وتی هەوڵی ئەوە دەدەن سەرکەوتنی ئەمەریکا کەم بایەخ پیشان بدەن و ڕایگەیاند ئێران بە پێچەوانەی لێدوانەکانی، بە تەواوی ڕازی بووە بە پشکنینی بەرفراوانی بنکە ئەتۆمییەکانی.
سەرۆک ترامپ نووسیویەتی لە ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە و "دەستکەوتە بەرچاوەکانی دیکە" لەلایەن ئێرانەوە، ڕازی بووە کە تەنگەی هورمز بە کراوەیی بهێڵێتەوە و گەمارۆی دەریایی نەسەپێنێت. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێز و کەشتییە جەنگییەکان لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشیدا دەمێننەوە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەگەر پێویست بکات؛ وتیشی سیناریۆیەکی لەو شێوەیە لە ژێر بارودۆخی ئێستادا بەدووری نازانرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو پارە یان لێخۆشبوونە لە سزاکان کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە دەرکراوە، لە هەژمارێکدا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکادایە و تەنها بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستی پزیشکی لە ئەمەریکا بەکاردەهێنرێت، لەوانە گەنمەشامی و گەنم و سۆیا لە جووتیارانی ئەمەریکایی.
سەرۆک ترامپ بە وەسفکردنی بارودۆخی ئێران وەک "قەیرانی مرۆیی" وتی کە هاوکاری لەم بوارەدا پێویستە و دەبێت پێش ئەوەی درەنگ بێت دابین بکرێت. لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان "زۆر بە باشی بەرەوپێشچوون".



