نێودەوڵەتی – INA

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەگەڵ ئێراندا بەڕێوەدەچن بە باشی دەڕۆن، و ئاماژەی بەوە کرد کە تاران بۆ ماوەیەکی درێژ ڕەزامەندی لەسەر پڕۆسەکانی پشکنینی ئەتۆمی دەربڕیوە.

ترامپ ڕایگەیاند: "ئێران بە شێوەیەکی تەواو و بێ مەرج ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەرزترین ئاستی پڕۆسەکانی پشکنینی ئەتۆمی بۆ ماوەیەکی درێژ لە داهاتوودا"، و ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەگەر ئێران ڕەزامەند نەبووایە لەسەر پڕۆسەکانی پشکنینی ئەتۆمی، هیچ گفتوگۆیەکی تر نەدەبوو."

وتیشی: "سەرجەم کەشتییەکان لە شوێنەکانی خۆیان دەهێڵمەوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکە ئەگەر پێویست بکات، ئەمەش دەستەبەری پاکوێژی و بێگەردی دەکات لە مەلەفی ئەتۆمیدا، و ئەگەر ئێران لەسەر ئەمە ڕەزامەند نەبێت، هیچ گفتوگۆیەکی تر لە ئارادا نابێت."

ئاماژەی بەوەش دا کە "دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا لەم قۆناغەدا تا ڕادەیەکی زۆر دوورە، و ئەو پارانەی کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەبەرژەوەندی ئێران ئازادیان دەکات، دەخرێنە ناو حیسابێکی دەستەبەرییەوە (حساب ضمان) کە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتۆندایە."

ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم پارانە بۆ کڕینی ماددەی خۆراکی و پزیشکی لە ئەمریکا بەکاردەهێنرێن، وەک گەنمەشامی، گەنم و فاسۆڵیای سۆیا"، و وتیشی: "من ڕەزامەندیم دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران، ئەمەش لەسەر بنەمای سازشی گەورەی ئێرانییەکان بووە، کە لە نێوانیاندا ڕێگەدان بە پڕۆسەکانی پشکنینی ئەتۆمی هەیە."