بەغداد – INA
یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی ، ئەمڕۆ سێشەممە جەختیان کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە جامی جیهانی ٢٠٢٦دا، وێستگەیەکی گرنگ بووە بۆ سوودوەرگرتن و بەدەستهێنانی ئەزموون سەرەڕای دۆڕانیان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر؛ هاوكات جەختیان لەسەر پێویستی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان کردەوە پێش یاری داهاتوویان لە بەرامبەر هەڵبژاردەی سێنیگال.
"ڕێبین سۆلاقە"، یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە لێدوانێکدا دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "یاریزانەکان یارییەکی باشیان پێشکەش کرد و پابەندی پلانە تەکنیکییە دیاریکراوەکە بوون و بە شێوازێکی گونجاو جێبەجێیان کرد"، ئاماژەی بەوەشدا کە "هەڵبژاردەی فەڕەنسا خاوەنی توانایەکی گەورەیە و بە یەکێک لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەکەدا دادەنرێت".
وتیشی: "شانسی عێراق هێشتا لە ڕکابەرییەکەدا ماوە"، جەختیشی کردەوە کە "تیمەکە کار لەسەر چارەسەرکردنی هەڵەکان دەکات و بە باشترین شێوە ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو لە بەرامبەر هەڵبژاردەی سێنیگالدا دەکات".
لەلایەکی دیکەوە، "ئەیمەن حسێن"ـی هێرشبەری هەڵبژاردەی نیشتمانی، ستایشی ئەو پاڵپشتییە جەماوەرییە گەورەیەی کرد کە هەڵبژاردەی عێراق لە وڵاتە جیاوازەکاندا بەدەستی دەهێنێت، و جەختی کردەوە کە هاندەرانی عێراقی بەردەوامن لە پشتگیریکردنی تیمەکە لە سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا.
حسێن وتی: "گهلی عێراق هەمیشە لە پشتی هەڵبژاردەکەیانەوە دەوەستن، ئەمەش هاندەرێکی زیاتر بە یاریزانەکان دەبەخشێت بۆ پێشکەشکردنی باشترینەکانی خۆیان لە ناو یاریگادا"، ئاماژەی بەوەشدا کە "هەڵبژاردەکە ڕووبەڕووی ڕکابەرێکی گەورە بووەوە کە دەستەیەک لە یاریزانانی ئاست بەرزی لەخۆگرتبوو".
ڕوونیشیکردەوە: "یاریزانەکان لە ماوەی یارییەکەدا هەموو هەوڵێکی خۆیان دا، بەڵام یاری تۆپی پێ زۆرجار بەهۆی وردەکارییە بچووکەکانەوە یەکلا دەبێتەوە"، هاوکات شانازی خۆی بە هاوڕێ یاریزانەکانییەوە دەربڕی بۆ ئەو ڕۆحیەتی جەنگاوەریی و پێداگرییەی کە لە درێژەی یارییەکەدا نیشانیاندا.
شایەنی باسە هەڵبژاردەی نیشتمانی لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی کۆمەڵەی نۆیەم لە جامی جیهانی ٢٠٢٦ بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە پێش هاوتا فەڕەنسییەکەی کەوت، بۆ ئەوەی چانسەکانی بۆ کێبڕکێکردن لەسەر یەکێک لە کارتەکانی سەرکەوتن بپارێزێت پێش ڕووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراوی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی سێنیگال.


