بەغداد - INA

سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند کە پارێزگاری پێشووتری پارێزگای سەلاحەدین و بەڕێوەبەری گشتیی ئێستای فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگاکە "ڕائید جبووری" دەستگیرکراوە، ئەمەش لەسەر پاشخانی ئەو دانپێدانانانەی کە "عەدنان جومەیلی" لە کاتی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکاندا لەگەڵیدا کردوونی.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە دا کە "ڕێکارەکانی دەستگیرکردنەکە لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا هاتوون کە پەیوەندییان بە دۆسیەکانی گەندەڵییەوە هەیە و لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی جومەیلی لە کاتێکی پێشتردا دەستبەسەر کرابوو".

دوێنێ دووشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند کە کۆی ئەو پارانەی لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەستیان بەسەردا گیراوە، بەرزبووەتەوە.

لە راگه‌یندراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، هاتووە: "دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکانی لە دۆسیەی بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن 'عەدنان ئەلجومەیلی' و ئەو لایەنانەی کە لەگەڵیدا تێوەگلاون، پشتڕاستکردەوە".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه‌: "لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە لە ئەنجامی ئەو بەفیڕۆدانەی لەو پڕۆژانەدا کە لەلایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی دۆسیەکەوە جێبەجێ کراون کەوتوونەتەوە، کۆی گشتی ئەو بڕە پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بەرزبووەتەوە بۆ (١٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، و (٣١) ملیار دینار".

ئاماژەی بەوەش دا: "هەوڵە بەردەوامەکانی دادگا، دوێنێ یەکشەممە، بوونە هۆی دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی (٢٠) ملیار دینار کە لە ناو یەکێک لە کێڵگەکاندا (مەزرەعە) شاردرابووەوە، جگە لە پووچەڵکردنەوەی قاچاخچێتی بە (٥) ملیار دیناری عێراقی لە یەکێک لە پارێزگاکاندا".

دووپاتیشی کردەوە: "ڕێکارە یاساییەکان دەستبەسەرداگرتن و بلۆککردنی (٧٠) خانوبەرە (عەقارات)، و (٢١) ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی گرتووەتەوە، لەگەڵ زێڕ و خشڵ کە کێشەکەی بە نزیکەی (٣) کیلۆگرام دەخەمڵێندرێت"، جەختیشی کردەوە کە "لێکۆڵینەوە و ڕاوەدوونانی تێوەگلاوانی دیکە بەردەوامە تاوەکو تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان".