سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامی پیرۆزبایی ڕۆژی باوکدا، ستایشی ئابوری وڵات و هێزی سەربازی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند لە هەموو بوارێکدا ئەمەریکا لە پێشەنگدایە.
ترامپ لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵ نووسیویەتی "ڕۆژی باوکتان پیرۆز بێت! وڵاتەکەمان لە دۆخێکی زۆر باشدایە، [لە بواری] پێوانەی ژمارەی هەلی کار و بازاڕی بۆرسە، باشترین ئابووری،مەزنترین لەشکر لە جیهاندا، هەتا ئێستا. ئێمە لە هەموو بەرەکاندا سەرکەوتووین، سەرکەوتنی بەم جۆرە پێشتر هەرگیز نەبووە. خودا هەمووتان بپارێزێت!!!"
پەیامەکە بریتیی بوو لە پیرۆزباییەکی نەریتی ڕۆژی باوک لەگەڵ سەرنجی سەرەکی سەرۆک لەسەر گرنگیدان بە ئابوری و نیشتیمانپەروەری و بەهێزی وڵات.
ڕۆژی باوک لە ئەمەریکا ساڵانە لە سێهەم یەکشەممەی مانگی شەش بەڕێوەدەچێت و تیایدا ڕێز لە باوک و کەسایەتی باوک و پەیوەندی باوکایەتی دەگیرێت.
ئەم بۆنەیە لە ساڵی 1972 بە فەرمی لە سەرانسەری وڵاتدا ناسێندرا کاتێک سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن وەک ڕێوڕەسمێکی نیشتمانی هەمیشەیی واژۆی کرد و بوو بە یاسا. خێزانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بە شێوەیەکی گشتی بە کۆبوونەوە و دیاری و ڕێزلێنان لە باوکان و سەرپەرشتیارانیان ئاهەنگ دەگێڕن.
بۆنەکەی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمەریکا کە لە سەرانسەری وڵاتەکە گرنگییەکی زۆری پێدراوە.


