بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە ،فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە،و گلێن مایلز، باڵیۆزی ئوستراڵیا لە عێراق، جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوە و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەنووکەییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : فوئاد حوسێن،وەزیری دەرەوە، پێشوازی لە باڵیۆزی ئوستراڵیا لە عێراق کرد و تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

بەگوێرەی ناوەرۆکی بەیاننامەکە : لە دیدارەکەدا ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان لەسەر دیارترین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرا، کە تیایدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی هێورکردنەوە و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەنووکەییەکان کردەوە بەجۆرێک کە بەشداری بکات لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها تاوتوێی پێشهاتەکانی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : وەزیری دەرەوە ،جەختی کردەوە لە پەرۆشیی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و پەرەپێدانی ڕێڕەوەکانی هاوکاری و هاوبەشی بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، هەروەها جەختی کردەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی ڕاوێژ و هەماهەنگی لەنێوان عێراق و ئوسترالیا و دەستخۆشی کرد لە پشتیوانیی حکومەتی ئوستراڵیا بۆ ئەو بەرنامە و پڕۆژانەی ئامانجیان بنیاتنانی تواناکانی دامەزراوە عێراقییەکانە، بەتایبەتی لە بواری بەڕێوەبردنی سنوورەکان.

لە بەرامبەردا، باڵیۆزی ئوستراڵیا پێزانینی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر بەو ڕۆڵەی عێراق دەیگێڕێت لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمیدا و جەختی کردەوە لە ئارەزووی ئوستراڵیا بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری دووقۆڵی لە قۆناغی داهاتوودا.