جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرەو سویسرا بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە وتووێژەکان لەگەڵ شاندەکانی ئێران و پاکستان و قەتەر سەبارەت بە پرسی ناوەکی ئێران و شەڕی لوبنان.

جەی دی ڤانس پاش نیوەڕۆی شەممە بە کاتی واشنتنی پایتەخت، لە بنکەی ئاسمانی ئەندرسۆن لە ویلایەتی مێریلاند بەر لەوەی بەرەو ئەو وڵاتەی ئەوروپا بەڕێبکەوت، لێدوانی دا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند و وتی خوازیارین وتووێژە تەکنیکییەکان لەگەڵ ئێرانییەکان و پاکستانییەکان و قەتەرییەکان دەستپێبکەن بەو هیوایەی بەرەوپێشچوون بەدەستبهێنین لە پرسی ناوەکییەکەی ئێران و هەروەها بەرەوپێشچوونیش هەبێت لە بابەتی ئاگربەست لە لوبنان. وتیشی لەو بڕوایەدایە ئەم دوو بابەتە سەرەکییە سەنگی دەخەنە سەر.

لە لایەکی دیکەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویانکردەوە، شاندێکی گەورەی ئێران ڕۆژی شەممە گەیشتە سویسرا بۆ ئەنجامدانی وتووێژەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریکا. وتیشیان شاندەکەی ئێران محەمەد باقر قالیباف سەرۆکایەتی دەکات و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوە و کاربەدەستانی باڵای ئاسایشی و نەوت و بانکی ناوەندی لە نێو ئەندامانی شاندەکەن.

هەروەها شاندێکی باڵای پاکستان کە لە نێویاندا شەهباز شەریف سەرۆک وەزیر و عاسم مونیر فەرماندەی لەشکر هەن، بەشداری وتووێژەکان دەکەن. وڵاتی قەتەریش شاندی لەوێ ئامادە دەبێت.

چاوەڕواندەکرێت وتووێژەکان لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستپێبکەن. جەی دی ڤانس هەروەها لە فڕۆکەخانە وتی ناتوانێت لە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ زیاتر لە سویسرا بمێنێتەوە.

ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا ئەوەیە ئێران دەستبەرداری هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی بێت و ئێرانیش دەیەوێت سزاکانی ئەمەریکای لەسەر هەڵبگیرێت.