ئیسرائیل ڕایگەیاند دەستی بە هێرش دژ بە ئامانجەکانی حزبوڵا لە لوبنان کردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئەو گرووپە شیعەیە بە زیاتر لە 50 مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە سەر ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند حزبوڵا بە درێژایی شەوی هەینی هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئەو ووڵاتە لە باشووری لوبنان و سوپای ئیسرائیل وەک وەڵامێک چەند پێگەیەکی حزبوڵای لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ئەو هێرشانەی حزبوڵای بە پێشێلکاری ئاگربەست داناوە.
ئەم هێرشانە دوای ڕۆژێکی پڕ لە گرژییەکان لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل روویان داوە.
ڕۆژی هەینی، دوای کوژرانی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە هێرشێکی حزبوڵادا، ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان ئەنجام دا.
بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی نیشتمانی لوبنان، هێرشە ئاسمانیەکان و هێرشی تۆپخانەکانی ئیسرائیل لە ئێوارەی هەینییەوە تا بەیانی شەممە لە ناوچەی نەبەتیە بەردەوام بوون و لانیکەم پێنج کەس، لەوانە سەربازێکی ئەرتەشی لوبنان، کوژراون.

