باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 'ناوەندی سەرۆکایەتی' کردەوە کە دەکەوێتە ناوچەی باشووری شیکاگۆ.
مارتی نێسبیت، سەرۆکی دامەزراوەی ئۆباما، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئاهەنگێکدا بەر لە کردنەوەی فەرمی ناوەندەکە، وتی، " ئەمە ڕووداوێکی پڕ لە هەست وسۆز و مێژووییە."
کەمپی سەنتەرەکە کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە 78 هەزار مەتر دووجایە، پێکهاتووە لە مۆزەخانە و کتێبخانەی گشتی و یاریگای باسکە و باخچەیەکی سەوزە و میوەی. ئۆباما لەوبارەوە ڕایگەیاند، "ئێمە سەنتەرەکەمان بۆ ئەوە دروستنەکردووە کە وەک گۆڕستانێکی بێ گیان بێت...دەمانەوێت شوێنێکی زیندوو و پر وزە بێت بۆ کۆمەڵگاکەمان، کە بتوانین پێکەوە فێربین و خۆشییەکانی هونەر و مۆسیقا و وەرزش و یاریکردن هاوبەش بکەین."
ناوەندی کەمپەکە پێکهاتووە لە 'مۆزەخانەی سەنتەری سەرۆکایەتی ئۆباما' کە بەرزییەکەی نزیکەی 68 مەتر ە، پێکهاتووە لە بینایەکی کۆنکرێتی چوار نهۆمیی و بەڵگەنامەکانی وەک مافە مەدەنییەکان و کەلوپەلە مێژووییەکانی سەردەمی ئۆباما لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چەندین پێشانگای دیجیتاڵی. ئۆباما وتی، "ئەو چیرۆکەی لەم بینایەدا دەگێڕینەوە، لە مێژووی میشێل یان منەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە مێژوو و بنچینەی نەتەوەکەمانەوە دەست پێدەکات."
ڕۆژی پێنجشەممە ئاهەنگێکی کردنەوەی سەنتەرەکە بەڕێوەچوو، کە تێیدا نمایشی مۆسیقا پێشکەش کرا و سەرۆکەکانی پێشوو ئامادەبوون، لەنێوانیان بیل کلینتۆن و جۆرج بوش و جۆ بایدن.
سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە پڕۆژەی دامەزراوەی ئۆباما گرتووە و سەنتەرەکەی وەها ناوبردووە کە "بینایەکی زۆر ناسەرنجڕاکێشە و بودجەی زۆری بۆ تەرخان کراوە".
لە ڕاگەیاندراوێکی ساڵی 2021ی دامەزراوەی ئۆبامادا مەزەندە کراوە کە تێچووی ناوەندەکە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار بێت. بەڵام چەندین دەزگای ڕاگەیاندن ئاماژەیان کردووە کە تێچووی کۆتایی پڕۆژەکە نزیکەی 850 ملیۆن دۆلار بووە. خەرجی دروستکردنی بیناکە لە ڕێگەی بەخشینەکانەوە بۆ دامەزراوەی ئۆباما دابینکراوە، لەنێویاندا دابینکردنی 100 ملیۆن دۆلار لەلایەن جێف بیزۆس دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمازۆن.



