بەپێی زانیارییە تایبەتەکان کە بەدەنگی ئەمەریکا گەیشتوون، هێزەکانی وەزراەتی زانیاریی کۆماری ئیسلامی ئێران سێ ئەندامی یەک خێزانیان لە شاری کامیاران دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا دەڵێن هێزەکانی وەزارەتی زانیاریی کۆماری ئیسلامی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەشی مانگی شەش هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی کەژاڵ ڕەحمانی لە شاری کامیارانی پارێزگای کوردستان و بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەستبەسەریان کردووە.

بەپێی ئەم سەرچاوانە، هاوکات لەگەڵ کەژال ڕەحمانی، براکەی دانیال ڕەحمانیش لە ماڵی باوکی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی زانیاریی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا دەڵێن عیسا فەیزی، هاوسەری کەژاڵ ڕەحمانی، هەمان ڕۆژ چووەتە بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی کامیاران بۆ ئەوەی ئاگاداری دۆخی هاوسەر و برای هاوسەرەکەی ببێت بەڵام خۆیشی لەلایەن ئەو بەڕێوەبەرایەتیەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا دەڵێن تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و دۆخی عیسا فەیزی و دانیال ڕەحمانی نازانرێت.

بەپێی ئەم سەرچاوانە، کەژاڵ ڕەحمانی هەمان ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ ئیدارەی زانیاریی لە سنە و هەر لە هەمان ڕۆژەوە وەک ناڕەزایی بەرامبەر دەستگیرکردنەکەی و هەروەها تۆمەتەکانی ئاڕاستەی کراون، مانی لە خواردن گرتووە.

هێزە زانیارییەکانی کۆماری ئیسلامی پەیوەندییان بە خێزانی کەژال ڕەحمانیەوە کردووە تا لەگەڵیدا قسە بکەن و ڕازی بکەن واز لە مانگرتنەکەی بهێنێت، بەڵام کژال ڕەحمانی ڕازی نەبووە و وتوویەتی لە مانگرنەکەی بەردەوام دەبێت و هەموو تۆمەتەکان بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە.

لە ماوەیەدا، چەندین ئەندامی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانیش لەلایەن ئیدارەی زانیاریی کامیارانەوە بانگهێشت کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.