مەلانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو پڕۆژەی پارەدارکردنی منداڵانی بێسەرپەرشتی ڕاگەیاند، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی داهاتووی ئەم منداڵانە مسۆگەر بگرێت و دەوڵەت بتوانێت هاوکار بێت لە دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆیان.
خانمی یەکەم لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ''ئامارەکان جیاوازن، بەڵام بە گشتی تەنها 3٪ی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشت لە ئەمەریکا دەتوانن زانکۆ تەواو بکەن. ئێمە دەتوانین ئەم بۆشاییانە پڕ بکەینەوە، بەڵام هێشتا ئەو منداڵانە کۆمەڵێک کێشەی تایبەتیی دیکەیان هەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە ڕووبەرووی ئاستەنگی زۆر لە دەرەوەی پۆلەکان دەبنەوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر ئاستی ئەکادیمییان. بۆ نموونە کێشەی نیشتەجێبوونیان، خۆتەرخانکرد، دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیا و چەندین کێشەی دیکەیان هەیە.''
ئەم دەستپێشخەرییەی خانمی یەکەمی ئەمەریکا پێشوازیی بەرچاوی فەرمانڕەوای ویلایەتەکانی لێ کراوە.
فەرمانڕەوای ویلایەتی تێنەسی ئەم هەنگاوەی بە گرنگ زانیوە و لەو بارەیەوە دەڵێت، ''تێنەسی شانازی دەکات بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیدارەی ترامپ بۆ دابینکردنی داهاتووەکی ڕووناک بۆ منداڵان، کە سامانی نیشتمانیی ئێمەن. سوپاس بۆ خانمی یەکەم کە دڵنیایی دا لەوەی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان بتوانن هەژماری تایبەت بە خۆیانیان هەبێت''.
شایەنی باسە، ویلایەتی تێنەسی زۆرترین ڕەوەندی کورد لە ئەمەریکا لەخۆ دەگرێت و شاری ناشڤیل بە کوردستانی بچووک ناسراوە.
هەروەها سارا ساندەرس، فەرمانڕەوای ویلایەتی ئەرکەنسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی ئەو پڕۆژەیەی کردووە و نووسیویەتی، ''منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان شایەنی هەمان گرنگیپێدانی منداڵانی دیکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنن. هەر بۆیە ئێمە لە ویلایەتی ئەرکەنسا هەژماری ترامپمان بۆ هەموو منداڵێک دابین کردووە.''
بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە منداڵانی خانەکانی بێسەرپەرشتان هەژمارێکی بانکییان بۆ دەکرێتەوە و دەوڵەت بڕێک پارەیان بۆ دابین دەکات، لە چوارچێوەی پرۆژەی "هەژماری بانکی ترامپ." ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە وەبەرهێنانەوە و ساڵانە زیاد دەکات؛ کاتێک منداڵەکە دەگاتە هەژدە ساڵ، ئیتر دەتوانێت کۆنتڕۆڵی پارەکەی خۆی بکات و بۆ پێداویستییەکانی بەکاری بهێنێت.



