بەدواداچوون – INA
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وردەکاریی ڕێکارەکانی تایبەت بە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکانی بە گەرووی هورمزدا ڕاگەیاند، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕگەی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد؛ جەختیشی کردەوە کە بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ هیچ باج و ڕسوماتێک ناخرێتە سەر ئەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.
ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو کەشتییە بازرگانیانەی دەخوازن بە گەرووەکەدا تێپەڕبن، دەبێت داواکارییەکانیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێڕەوی ئاویی کەنداوی فارس بکەن،" جەختیشی کردەوە کە "بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ هیچ ڕسوماتێک لە داواکاران وەرناگیرێت و حکومەتی ئێران لەو ماوەیەدا تەواوی تێچووەکان لەئەستۆ دەگرێت."
هەروەها وتیشی: "بەڕێوەبەرایەتیی ڕێڕەوی ئاویی کەنداو ڕێنمایی کراوە کە بە زووترین کات و بە لەپێشینەیی کار لەسەر داواکارییەکان بکات و وەڵامیان بداتەوە، بە جۆرێک کە ئامانجەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بپێکن."
ئەنجومەنەکە ڕوونیکردەوە کە "بۆ مسۆگەرکردنی هاتوچۆیەکی ئارام و دوورکەوتنەوە لە ڕووداوی دەریایی، پێویستە کەشتییەکان پابەندی ئەو ڕێڕەو و کاتانە بن کە بۆیان دیاری دەکرێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی وردەوردەی جوڵەی کەشتیوانی."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە "ڕێکخستنە جێبەجێکارییەکان و وردەکارییە هونەرییەکانی تایبەت بە تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز لە داهاتوودا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕێڕەوی ئاوییەوە ڕادەگەیەنرێت،" تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە "ڕێکارەکانی پەیوەست بە دۆسیەکانی دیکە، لەوانەش پاککردنەوەی دەەریا لە مین، بەپێی ئەوەی لە بڕگەی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا هاتووە، جێبەجێ دەکرێن.

